ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد و هەزاران هاندەر ئاهەنگ دەگێڕن

15-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یاریزانانی ئامەدسپۆر
یاریزانانی ئامەدسپۆر
نیشانەکردن یانەی ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کورستان، بردنەوەیەکی مێژوویی لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیادا تۆمارکرد و سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەکی تورکیا یەکلاکردەوە و ئێستا چاوی لە بردنەوەی نازناوی خولەکەیە.
 
ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی پلە دووی تورکیا لە کۆمەڵەی سوور بەرامبەر یانەی کاستامۆنوسپۆر یارییکرد و یانە کوردستانییەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 3ـی یارییەکەدا، ئەیوپ ئۆسکان گۆڵێکی بۆ ئامەدسپۆر تۆمارکرد، تاوەکو کۆتاییهاتنی یارییەکە، ئامەدسپۆر پارێزگاریی لە ئەنجامی یارییەکە کرد و سێ خاڵی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە ئامەدسپۆر لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیا، بووە خاوەنی 77 خاڵ و سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەکی تورکیا مسۆگەر کرد، ئێستا یانەکە 3 یاریی لە خولەکەدا ماوە و چاوی لەوەیە نازناوی خولەکە بباتەوە، بۆ ئەوەش پێویستی بەبردنەوەیەکی هەیە بۆ ئەوەی نازناوەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.
 
ئامەدسپۆر لە خولی پلە دووی تورکیا، لە 33 یارییدا 23 یاریی بردووەتەوە، لە 8 یارییدا یەکسانبووە و تەنیا 2 یاریی دۆڕاندووە.
 
دوای بردنەوەی ئەم یارییە مێژووییە، هەزاران هاندەری ئامەدسپۆر لە ئامەد کە لە رێگەی شاشەیەکی گەورەوە سەیری یارییەکەیان دەکرد ئاهەنگیان بەبۆنەی بردنەوەی یارییەکەوە گێڕا.
 
لە کاتی گەڕانەوەی یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر هەزاران هاندەری یانەکە چوونە فرۆکەخانە، بە ئاهەنگ و دیلانێکی گەورەوە پێشوازی لە تیپەکە کرا، دوای ئەوەش هاندەران بۆ درێژەدان بە ئاهەنگەکەیان رژانە سەر شەقامەکان.
 
بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر قسەیان بۆ رووداو کرد و هەمووان هیوای ئەوە دەخوازن ئامەدسپۆر نازناوی خولەکە بباتەوە.
 
کە کاتی چوونە دەرەوەی پاسی یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر لە فرۆکەخانە، هەزاران هاندەر بەهۆی ئاهەنگگێڕانەوە رێگەیان لە پاسی یانەکە گرت.
 
دەنگی دەهۆڵ و زۆرنا هەموو شوێنێکی ئامەدی داگیرکردووە و دەنگ و رەنگی ئامەدسپۆر هەموو شوێنەکەی پڕکردووە و گەورە و بچووک بەیەکەوە هاوار دەکەن ئامەدسپۆر ئامەدسپۆر.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە