کەین: ئێمە سزادراین، بەڵام خۆمان بەدەستەوە نادەین

15-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هاری کەین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مێژووە خراپەکەی هاری کەین، بەرامبەر یانەکانی ئیتاڵیا بەردەوامە و یاریزانەکە دەڵێت "لازیۆ ئێمەی سزادا، بەڵام خۆمان بەدەستەوە نادەین."
 
لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەی لازیۆ لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی بایرن میونشنی کرد، یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
چیرۆ ئیمۆبێلی گۆڵەکەی بەلێدانی سزا تۆمارکرد. لە یارییەکەدا دایۆت ئۆپامیکانۆ بە کارتی سوور لە یانەی بایرن میونشن کرایە دەرەوە.
 
هاری کەین بەرامبەر یانەکانی ئیتاڵیا مێژوویەکی خراپی هەیە، ئەمە دەیەم یاریی بوو رووبەڕووی یانەکانی ئیتاڵیا ببێتەوە، بەڵام تەنیا 1 گۆڵی تۆمارکردووە و بەرامبەر یانەکانی ئەو وڵاتە ئەو گۆڵکارە نییە کە هەمووان دەیناسن.
 
کەین لە دوای یارییەکە گوتی "هەفتەیەکی زەحمەتمان بەڕێکرد، لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا زۆرباشبووین، چەند هەلێکمان لەدەستدا، من یەکێک و ئەوەی دیکەیان کیمیچ، هەلی باشمان بۆ رێککەوت، بەڵام نەمانتوانی سوودیان لێ وەربگرین."
 
هێرشبەرەکەی بایرن میونشن زیاتر گوتی "لە نیوەی دووەمدا بێهیوا بووین، کاتێک کارتمان وەرگرت و متمانەمان کەمبووەوە، ئێمە سزادراین، کاتێک بە 10 یاریزان یارییدەکەیت هەمیشە بارودۆخەکان قورسن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کەین دەڵێت "هێشتا رکابەرییەکە لێرە و لە ئەڵمانیا بەردەوامە، پێویستە بەردەوامبین لە رکابەریکردن، ئێمە لە کاتێکی زەحمەتداین، بەڵام خۆمان بەدەستەوە نادەین و بەردەوام دەبین."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا هاری کەین دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر لازیۆ گوتی "دەبێت لە پێناویدا زیاتر هەوڵبدەین، ئێمە نە چووینەتە دەرەوە و هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین، تەنیا پێویستە دۆخەکە بگۆڕین، یەک یاری دەکرێت دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە."
 
ئەمە دووەم یاریی لەسەریەکە بایرن میونشن دەدۆڕێت، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بوندێسلیگادا بە بایرلیڤەرکوزن دۆڕا، ئەمەش هاندەرانی یانەکەی زیاتر نیگەرانکردووە و ئەگەری دوورخستنەوەی تۆماس تۆخێل زیاتر دەکات.
 
رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو یاریی گەڕانەوە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە