مەترسییەکی گەورە لەئارادایە و ریال مەدرید تۆقیوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، ترسی لێنیشتووە بەهۆی هەوڵەکانی سندوقی وەبەرهێنانی سعودی، کە دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرە بەرازیلییەکە ببەنە خولی رۆشنی سعودی.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید هەوڵدەدات گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی تیپەکە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا نوێ بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو دەستەوارە بەهێزەی کە بەمدواییە لەلایەن یانەی ئەهلی سعودییەوە وەریگرتووە.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە مێرێنگێ دەستەوارەیەکی گەورەی لە یەکێک لە یانەکانی خولی سعودییەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر بکات.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بیرۆکەی سعودیە ئەوەیە کە ڤینیسیۆس بباتە ریزەکانی یانەی ئەهلی و بکاتە باڵیۆزی شانشینی سعودیە بۆ مۆندیالی 2034.
 
هەواڵەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ریال مەدرید دەستەوارە خەیاڵییەکەی یانەی ئەهلی رەتکردووەتەوە، و پێیگوتوون "هەرکەسێک بیەوێت گرێبەست لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر بکات، دەبێت بەهای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بدات، کە بڕی یەک ملیار یۆرۆیە".
 
رۆژنامەی ئەی ئێس ئەمڕۆ چوارشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە "هەواڵی بایەخ پێدانی خولی پیشەگەری سعودیە بۆ کڕینی ڤینیسیۆس گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ یانەی ریال مەدرید، بەو پێیەی سندوقی وەبەرهێنانی عەرەبی، کە بەرپرسیارە لە دانوستاندنەکان، ئەم پرۆسەیە بە ماراسۆن دەزانێت، بۆیە مەترسییەکە بۆ چەند مانگێک و لەوانەیە زیاتریش بەردەوام بێت لەسەر ریال مەدرید".
 
دەشڵێت "ئەم مەترسییە وا لە ریال مەدرید دەکات بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەم مەرجە سزاییەکەی زیاتر بکات و هەم مووچەی ڤینیش زیاد بکات".
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، کە یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2025 دانوستاندن لەگەڵ ئەستێرە بەرازیلییەکە دەکات بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەمەش بەهۆی ئەو هەڕەشەیانەی کە بەهۆی گرنگیدانی خولی سعودیە بۆ ئەو یاریزانە دروستبووە.
 
ماوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت.
 
بەدرێژایی وەرزی رابردوو، ڤینیسیۆس بەشداری 36 یاری لەگەڵ ریال مەدرید کرد و 24 گۆڵی تۆمارکرد و 9 گۆڵیشی دروستکرد.
 
ئەو یاریزانە تەمەن 24 ساڵە، بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، 264 یاری ئەنجامداوە، 83 گۆڵی تۆمارکردووە و 75 ئەسیستیشی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە