رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دوایین یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێن و چاوەکان لەسەر کۆمەڵەی مەرگ دەبن کاتێك دوو یاریی بەهێز و سەرنجراکێش لەو کۆمەڵەیدا دەکرێن و دوو یانەی گەورەی ئەوروپا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
نیوکاسڵ یونایتد vs ئەیسی میلان
لە یەکێك لە گرنگترین یارییەکانی ئەم قۆناخەدا، یانەی نیوکاسڵ یونایتد لە یاریگەی سەینت جەیمس پارك میوانداری ئەیسی میلان دەکات.
نیوکاسڵ بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، یانەکە بەدەست پێکانی زۆری یاریزانانییەوە دەناڵێنێت، هەریەکە لە بارنس، ویڵۆك، بۆتمان، ئاندرسن، بێرن، مێرفی و نیك پۆپ بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە بێبەشدەبن. دوورکەوتنەوەی ئەم یاریزانانە وایکردووە یانە ئینگلیزییەکە لەم دواییەدا کۆمەڵێك ئەنجامی شۆکهێنەر تۆماربکات، یانەکە لە دوایین یاریی خۆیدا لە پرێمەرلیگ بە ئەنجامی 4-1 بە تۆتێنهام دۆڕا و لە کاتێکدا پێش ئەو یارییەش بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە ئێڤەرتن شکستی هێنا.
بارودۆخی میلان لە نیوکاسڵ باشتر نییە، یانەکە لە دوایین یاریی خۆیدا لە سێریا ئەی بە ئەنجامی 3-2 بە ئاتاڵانتا شکستی هێنا و هاوشێوەی نیوکاسڵ بەدەست پێکانی یاریزانانی دەناڵێنێت، هەریەکە لە تیاو، پێلیگرینۆ، ئۆکافۆر، کالولو و کایەر پێشبینی دەکرێت بەشداری لە یارییەکەدا نەکەن.
هەردوو یانە خاوەنی پێنج خاڵن، نیوکاسڵ بە جیاوازی گۆڵ پلەی سێیەمی گرتووە و میلانیش لە پلەی چوارەمی کۆمەڵەکە دێت، هەردوو یانە هێشتا هیوای سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو ماوە، بەڵام چارەنووسیان لەدەست پاریس سانجێرمانی دووەمی کۆمەڵەکەیە، نیوکاسڵ بۆ ئەوەی سەربکەوێت بۆ قۆناخی داهاتوو دەبێت سەرەتا یارییەکەی بەرامبەر میلان بباتەوە، دواتر دەبێت چاوەڕێی دۆڕان یان یەکسانبوونی پاریس سانجێرمان بکات کاتێك ئەمشەو رووبەڕووی دۆرتموندی پێشەنگ دەبێتەوە، بردنەوەی نیوکاسڵ و یەکسانبوونی پاریس، ژمارەی خاڵەکانی هەردوو یانە یەکساندەکاتەوە و بلیتێکی قۆناخی داهاتوو بە یانە ئینگلیزییەکە دەبەخشێت چونکە نیوکاسڵ لەم وەرزەی خولەکەدا لەو دوو یارییەی بەرامبەر پاریس کردوویەتی خاڵی زیاتری لە یانە فەرەنسییەکە وەرگرتووە و ئەنجامی باشتربووە، بۆیە لەو کاتەدا نیوکاسڵ دەچێتە پلەی دووەم و پاریس سانجێرمان دەنێرێتە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکە.
میلان ئەرکی لە نیوکاسڵ قورسترە، یانەکە جگە لەوەی دەبێت یارییەکەی ئەمشەوی بباتەوە، دەبێت چاوەڕێی دۆڕانی پاریس سانجێرمانیش بکات، بەهۆی ئەنجامەکانی نێوانیانەوە ئەگەر میلان یارییەکەی بباتەوە و پاریس یەکسانبێت، یانە فەرەنسییەکە لە پلەی دووەمدا دەمێنێتەوە و میلانیش لە پلەی سێیەم دەبێت و بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەردەکەوێت. لە ئەگەری یەکسانبوونی یارییەکەی نێوان نیوکاسڵ و میلان، هەردوو یانە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکەن، نیوکاسڵ بە پلەی سێیەم بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەردەکەوێت و میلانیش بەدەستی بەتاڵەوە دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
بۆروسیا دۆرتموند vs پاریس سانجێرمان
لە یارییەکی دیکەی بەهێزدا، یانەی بۆروسیا دۆرتموند لە یاریگەی سیگناڵ ئیدونا پارك میوانداری پاریس سانجێرمان دەکات.
دۆرتموند لە چامپیۆنزلیگدا دۆخی باشە، یانە ئەڵمانییەکە دوای ئەوەی دوایین یاریی خۆی بەرامبەر ئەیسی میلان بە ئەنجامی 3-1 بردەوە، بلیتێکی قۆناخی داهاتووی خولەکەی بۆخۆی مسۆگەرکرد و ئێستا شەڕی مانەوە لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی دەکات و دەیەوێت ئەرکی خۆی بۆ قۆناخی 16 ئاسانبکات.
لەم دواییەدا دۆرتموند لە خولی ئەڵمانیدا بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و لە دوایین دوو یاری خۆی لە خولەکەدا دۆڕانێك و یەکسانبوونێکی هەیە، ئەمە جگە لەوەی لە جامی ئەڵمانیادا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە شتوتگارت دۆڕا و کرایە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکە.
سەبارەت بە پاریس سانجێرمان، یانەکە لە خولی نێوخۆدا ئاستێکی ناوازە پێشکێش دەکات و دوایین هەشت یاریی خۆی لە خولەکەدا بردووەتەوە و دەیەوێت هەمان ئاست لە چامپیۆنزلیگیشدا پێشکێش بکات.
چارەنووسی یانە پاریسییەکە لەدەستی خۆیدایە، دەکرێت یانەکە لە کۆتایی ئەمشەودا ماڵئاوایی بکات و دەشکرێت بە پێشەنگی کۆمەڵەکەی سەربکەوێت، پاریس دەتوانێت یارییەکەی بەرامبەر دۆرتموند بباتەوە و راستەوخۆ بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بۆ قۆناخی 16 سەرکەوێت، بەڵام لە ئەگەری یەکسانبوون یان دۆڕاندنی یارییەکە چارەنووسی یانەکە دەکەوێتە دەست ئەنجامی یارییەکەی نێوان نیوکاسڵ و میلان و دەبێت چاوەڕێی ئەوان بکات تاوەکو بزانێت لە کام پلەی کۆمەڵەکەدا کۆتایی بەم قۆناخە دەهێنێت.
پۆرتۆ vs شاختار دۆنێتسك
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا و لە یارییەکی گرنگدا، یانەی پۆرتۆ لە یاریگەی دراگاو میوانداری شاختار دۆێنتسكی ئۆکرانی دەکات.
هەردوو یانە لە 5 یاریدا، سێ بردنەوە و دوو دۆڕانیان هەیە و خاوەنی نۆ خاڵن، بەڵام بەهۆی ئەنجامی یاریی یەکەمی نێوانیان کە تێیدا پۆرتۆ بە ئەنجامی 3-1 لە شاختاری بردەوە، یانە پۆرتوگالییەکە پلەی دووەم و شاختاریش پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە.
شاختار لەم یارییەدا هەر ئەنجامێك جگە لە بردنەوە بەدەستبهێنێت ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە دەکات و دەچێتە پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ، پۆرتۆ تەنیا پێویستی بە یەکسانبوونێکە بۆ ئەوەی لە پلەی دووەمدا بمێنێتەوە و بلیتێکی قۆناخی داهاتوو بەدەستبهێنێت.
رۆیاڵ ئانتوێرپ vs بارسێلۆنا
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی رۆیاڵ ئانتوێرپ میوانداری بارسێلۆنا دەکات.
ئانتوێرپ خراپترین یانەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگە بەشێوەیەك کە لە سەرجەم یارییەکانیدا شکستی هێناوە و هیچ خاڵێکی بەدەستنەهێناوە، لە دوا پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت و هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگیش نەماوە و ئەمشەو دوایین یاریی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدەدات.
سەبارەت بە بارسێلۆنا، یانەکە چوار بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و بە 12 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و تەنیا پێویستی بەبەرامبەربوونێکە بۆ ئەوەی راستەوخۆ وەك پێشەنگی کۆمەڵەکەی بۆ قۆناخی 16 سەرکەوێت.
ئاتلێتیکۆ مەدرید vs لازیۆ
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگەی واندا مێترۆپۆلیتانۆ میوانداری لازیۆ دەکات.
ئاتلێتیکۆ لە پێنج یاریدا سێ بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و بە 11 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە، لازیۆش سێ بردنەوە، یەکسانبوونێك و دۆڕانێکی هەیە و بە 10 خاڵ لە پلەی دووەمە، هەردوو یانە سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە مسۆگەرکردووە و ئێستا شەڕ لەسەر پێشەنگی کۆمەڵەکە دەکەن و هەردووکیان دەیانەوێت ئەرکی خۆیان بۆ قۆناخی داهاتوو ئاسانبکەن.
سێڵتیك vs فاینۆرد
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی سێڵتیك لە یاریگەی سێڵتیك پارك میوانداری فاینۆرد دەکات.
هیچ شتێك نەماوە لەنێوان ئەم دوو یانەیەدا شەڕی بۆ بکرێت، فاینۆرد لەم وەرزەی خولەکەدا دوو بردنەوە و سێ دۆڕانی هەیە، پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی مسۆگەرکردووە و بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەردەکەوێت، سێڵتیکیش بە یەك خاڵ دوایین پلەی کۆمەڵەکەی گرتووە و هیچ هیوایەکی نەماوە نەبۆ قۆناخی داهاتوو نەبۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەرکەوێت.
سرڤێنا زڤێزدا vs مانچێستەر سیتی
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یانەی مانچێستەر سیتی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە دەبێتە میوانی سرڤێنا زڤێزدا، لە یارییەکدا کە هەموو شتێك یەکلا بووەتەوە و هیچ نەماوە شەڕی لە پێناودا بکرێت.
مانچێستەر سیتی لەم وەرزەی خولەکەدا ئاستێکی نایابی پێشکێش کردووە، توانیویەتی سەرجەم یارییەکانی بباتەوە و بە 15 خاڵ سەرکەوتنی وەك پێشەنگی کۆمەڵەکە بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، سرڤێناش تەنیا یەك خاڵی هەیە و لە کۆتایی ئەمشەودا ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکات.
لایپزیگ vs یەنگ بۆیز
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی لایپزیگ میوانداری یەنگ بۆیز دەکات، لایپزیگ خاوەنی نۆ خاڵە و وەك دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، یەنگ بۆیزیش چوار خاڵی هەیە و بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ