ریال مەدرید دەستەوارەیەکی پێشکێشی تۆنی کرووس کردووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید تۆنی کرووس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، دەستەوارەیەکی پێشکێشی تۆنی کرووسی ئەستێرەی ناوەڕاستی وازهێناوی یانەکەی کردووە لەپێناو گەڕانەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، دەستەوارەیەکی فەرمی داوەتە تۆنی کرووسی ئەڵمانی کە لە کۆتایی وەرزی رابردوودا بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا.
 
تۆڕی 'دیڤێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی دەڵێ، پێرێز دەستەوارەیەکی پێشکێشی کرووس کردووە بۆ کارکردن لەگەڵ یانەکە، پاش وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ.
 
تۆڕەکە دەڵێ، کارگێڕیی ریال مەدرید و سەرۆکەکەی پێیانوایە، کرووس توانای گەورەی هەیە، بەهۆی تێگەیشتنی قووڵی لە تۆپی پێ و ئەزموونی زۆری لە یاریگەکاندا، ئەمە جیا لەوەی کە خولی مەشقدانی تەواوکردووە.
 
ئەو تۆڕە دەڵێ، پێرێز داوای لە کرووس کردووە، مەشقدانی یەکێک لە ئەکادیمیاکانی ریال مەدرید وەربگرێت، یان پەیوەندی بە تیمی یاریدەدەرانی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەکەوە بکات، تاوەکو ئەزموونی زیاتر کۆبکاتەوە وەک راهێنەر.
 
پێشتر تۆنی کرووس، چەندین ئەکادیمیای بەناوی خۆیەوە لە چەندین شوێنی جیاواز کردووەتەوە کە تێیدا منداڵان لەسەر تۆپی پێ پەروەردە دەکرێن.
 
سەرچاوەکە دەڵێ، ئەگەرچی کرووس هێشتا وەڵامی سەرۆکی ریال مەدریدی نەداوەتەوە، بەڵام بەئەگەری زۆرەوە کارەکە رەتدەکاتەوە، چونکە حەزی لێیە ماوەیەک دووربکەوێتەوە و پشوو بدات، پاشان دەستبەکاری فەرمی بکاتەوە لە تۆپی پێدا.
 
تۆنی کرووس لە 2014 تاوەکو 2024 لە ریزەکانی ریال مەدرید یارییکردووە، یەکێکە لە درەوشاوەترین ناوەڕاستکارانی مێژووی ئەو یانەیە، شەش نازناوی چامپیۆنزلیگ و دەیان نازناوی دیکەی جیاوازی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە