عوسمان، بارسا دەباتە بەردەم دادگا

13-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا، بارسێلۆنا عوسمان دێمبلی یانەی پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە عوسمان دێمبلی هەر ئەوەندە نییە کە بەبێڕەزامەندی کارگێڕیی بارسێلۆنا پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کردووە و رۆیشتووە، بەڵکو لە رۆژانی داهاتوودا سەرئێشەی زیاتر بۆ یانەکە دروستدەکات.
 
سەرچاوەکان ئەو بڕە پارەیەشیان ئاشکراکردووە کە بارسێلۆنا بەهۆی رۆیشتنی عوسمانەوە دەستیکەوتووە.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردووەتەوە کە تێچووی گواستنەوەکە 50 ملیۆن یۆرۆ بووە، 25 ملیۆن یۆرۆ بۆ بارسێلۆنا و 25 بۆ عوسمان و بەڕێوەبەری کارەکانی، بەڵام بارسا ئامادەنییە پارەی بەڕێوەبەری کارەکانی دێمبلی بدات.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، کۆی بڕی ئەو پارەیەی بارسا داوێتی بە عوسمان تەنیا 15 ملیۆن یۆرۆیە، یانەکە رازینەبووە 10 ملیۆن یۆرۆی بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە بدات.
 
راپۆرتێکی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' دەڵێ، بارسا پێیوایە نابێ هیچ بڕە پارەیەک لە پارەکەی سانجێرمان بداتە موسا سیسۆکۆ کە بەڕێوەبەری کارەکانی دێمبلییە، چونکە ئەو بەڕێوەبەرە لە بارسێلۆنا کارناکات و مافی وەرگرتنی ئەو پارەیەی نییە، بەپێچەوانەی عوسمانەوە کە گرێبەستی لەگەڵ بارسا هەبووە و مافی خۆی بووە ئەو پارەیە وەربگرێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەم هەڵسوکەوتەی بارسێلۆنا، بەتەواوی سیسۆکۆی تووڕەکردووە، وایکردووە ئەو بەڕێوەبەرە پارێزەرەکانی رابسپێرێت بیر لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بکەنەوە بەرامبەر بارسێلۆنا و یانەکە پەلکێشی بەردەم دادگا بکەن.
 
دێمبلی لە هاوینی ئەمساڵدا رووبەڕووی تێکچوونی دۆخی پەیوەندییەکانی بووەوە لەگەڵ بارسێلۆنا، پاشئەوەی ویستی خۆی بۆ چوونە سانجێرمان ئاشکراکرد و کارگێڕیی بارسا نەیدەویست بەو بڕە پارە کەمە، دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
 
دێمبلی هاوینی 2017 بەرامبەر بە نزیکەی 135 ملیۆن یۆرۆ، لە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد و تاوەکو رۆیشتنی بەشداریی لە 185 یاریی بارسێلۆنادا کردووە و 40 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە لەگەڵ 43 ئەسیست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە