ساڵ و نیوێک بەبێ نازناو.. رۆناڵدۆ لە سعودیە سەرکەوتوو بووە یان نا؟

13-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ خولی سعودیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەرزی یانەی نەسڕی سعودی، بەبێ بەدەستهێنانی هیچ نازناوێکی فەرمی کۆتاییهات، بێگومان جگە لە پاڵەوانێتی عەرەبی کە تیپەکە لە سەرەتای وەرزدا بەدەستیهێنا، بەڵام فەرمی نییە.
 
ئەو یانەیەی ریزەکانی بە چەندین ئەستێرەی جیهانی بەهێزکرا، لەسەرووشیانەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەبێ هیچ نازناوێک وەرزەکەی کۆتاییهات، کە زۆر کەس ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەوە تاوانبار دەکەن که ساڵ و نیوێک پێش ئێستا پەیوەندی بە ریزەکانییەوە کرد و هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە.
 
بەڵام ئایا هۆکاری کێشەکە لای کریستیانۆ رۆناڵدۆیە؟ ئایا ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە هۆکاری لەدەستدانی پاڵەوانێتییەکانە؟
 
با پێداچوونەوە بە هەندێک لەو خاڵانەدا بکەین کە لەوانەیە لێیەوە بگەینە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە!
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تاک
 
تەنیا لە خولی سعودیەدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا 33 گۆڵی تۆمارکردووە، رکابەرییەکەی لە ئەستێرەیەکی گەورەی وەک ئەلێکساندەر میترۆڤیچ بردووەتەوە، کە لەلایەن باشترین تیپی ئاسیاوە، کە هیلالە پاڵپشتییەکی زۆری لێدەکرێت.
 
ریکۆردی رۆناڵدۆ لە خولی سعودیە بەهیچ شێوەیەک ئاسان نییە، بەو پێیەی لە 27 یارییدا، کە بەشێوەیەکی سەرەکی یاریکردووە تاوەکو ئەو ساتەوەختە 33 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
کۆی بەشدارییەکانی رۆناڵدۆ لە خولی سعودیەدا گەیشتە 43 گۆڵ لە کۆی 93 گۆڵی نەسڕ، دەتوانی بیهێنیتە بەرچاوت کە ئەو ژمارەیە چەند زۆرە؟! 46%ـی کۆی گۆڵەکانی تیپەکەی کردووە، واتە کەمێک کەمتر لە نیوە.
 
بەم شێوەیەش توانای رۆناڵدۆ و بەشداری تاکەکەسی لە یانەی نەسڕ تاوەکو ئەم ساتە گومانی لێناکرێت، لەوەتەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کردووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەکۆمەڵ
 
بەشێک لەو بەکۆمەڵەییەی رۆناڵدۆ کە لە سەرەوە باسمان کرد پەیوەندی بە گۆڵەکانییەوە هەیە کە لە خولی سعودیە دروستی کردووە و ئەمەش حاڵەتێکی تاکەکەسی نییە، بەو پێیەی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیاش بەشداری دروستکردنی کردووە و یەکێک بووە لە ئەستێرەکانی نەسڕ.
 
کەمێک دوور لە ژمارەکان، ماوەیەکی زۆر نەبوو، نەسڕ لە جامی شای سعودیەدا بەرامبەر خەلیج یاری کرد و ئەستێرە پۆرتوگالییەکە وازی لە دەرفەتێک هێنا بۆ زیادکردنی ژمارەی گۆڵەکانی، کاتێک لێدانی سزای بۆ هاوڕێ سەنیگالییەکەی سادیۆ مانێ بەجێهێشت.
 
کردەوەکانی رۆناڵدۆ بە کردەوەکانی سەرکردەیەک دەچن کە زیاتر گرنگی بە تیپەکەی دەدات لەوەی گرنگی بە خۆی دەدات، کەسێکە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر پێگەیشتووە، بۆ نا؟ کاتێک لە تەمەنی 39 ساڵ ژمارەیەکی زۆر گۆڵ دەکات، کە رێژەیەکی زۆر گەورەیە.
 
کاریگەری رۆناڵدۆ لەسەر خولی سعودیە
 
کەس ناتوانێت نکۆلی لە کاریگەری گواستنەوەی رۆناڵدۆ لەسەر خولی سعودیە بکات، چونکە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەرگای بۆ زۆر لە ئەستێرە گەورەکانی جیهان کردەوە بۆ ئەوەی بچنە دیارترین خولی ناوچەکە.
 
رۆناڵدۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر نەسڕ و خولی سعودیە هەبوو، لەسەر ئاستی بازاڕکردن و دارایی، هەرچەندە مووچەکەی زۆر بوو.
 
ئەم کاریگەرییە خزمەتی زۆری تیپەکانی دیکەشی کرد، کە لەوانەیە دیارترینیان یانەی هیلال بێت، کە توانی چەندین پیشەگەری گەورەی وەک مالکۆم، کولیبالی، نەیمار، بۆنۆ و ئەوانی دیکە بناسێنێت و نەک تەنیا هیلال، بەڵکو زۆر یانەی دیکەش بوونە خاوەنی ئەستێرە جیهانییەکان.
 
ئەنجام
 
لە کۆتاییدا ناتوانین رێز لەوە نەگرین کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ماوەی وەرز و نیوێکدا بە تۆپی پێ بە گشتی و تۆپی پێی سعودیە بەتایبەتی بەخشی.
 
رۆناڵدۆ هەرچی هەیەتی بە تاک و بەکۆمەڵ دەیبەخشێت و نەبردنەوەی نازناو بەرامبەر رکابەرێکی وەک هیلال بەدڵنیاییەوە جێگای قبوڵکردنە، چونکە یانەی هیلال خاوەنی زنجیرەیەک سەرکەوتنی جیهانییە و ئێستا بە باشترین یانەی ئاسیا دادەنرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە