رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک فرۆشتنی سەرجەم بلیتەکانی یاریی یانەکەی بۆ یاریی کۆتایی جامی کەنداو راگەیاند و روونکردنەوە دەداتە هاندەرانی.
یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "هەموو بلیتەکانی یاریی دهۆک لە ماوەیەکی کەمدا فرۆشران، ئەوەی دەمانەوێت بۆ هاندەرانی یانەکە روونبکەینەوە، وەکو کارگێڕیی یانەی دهۆک هەمیشە لەگەڵ هاندەرانمانین و ئەو بڕیارەی دراوە، تەنیا بۆ رێکخستنی یاریگە و پاراستنی ئارامیی هاندەران بووە."
یانەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "کارگێڕیی یانە لە چەندین بۆنە و گەشتی یانەکەدا گەشتکردنی هاندەرانی لە ئەستۆ گرتووە و بلیتی یارییەکەی بۆ دابینکردوون و بە چەندین شێوە خزمەتی هاندەرانی کردووە و ئەمە ئەرکی یانەکەیە، ئەم جۆرە یارییانەش مێژوویین و دووبارە نابنەوە، بۆ ئەوەی هاندەران لە بینینی یارییەکە بێبەش نەبن، لە هەموو کافێ و رێستورانتەکانی شەرەکە سەیری یارییەکە دەکرێت و دوو شاشەی گەورەش لە پارکی ئازادی و نەورۆز دادەنرێن و لە ئەمڕۆوە ئاهەنگی جیاواز لە پارکی نەورۆز بۆ هاندەران رێکدەخرێن تاوەکو کاتی یارییەکە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا یانەی دهۆک دەڵێت "شانازییەکی گەورەیە بۆ یەکەمجار لە عێراق ئەم رێژە زۆرەی بلیتی یارییەکە لە ماوەیەکی ئاوا کەمدا دەفرۆشرێت، وەرن بەیەکەوە کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ناوی ئەم شارە و تۆمارکردنی مێژووییەکی پڕ لە شانازی."
ئەمڕۆ بەیانی بەشێوەیەکی فەرمی بلیتەکانی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو خرانە بازاڕەوە، هەزاران هاندەر نۆرەیان گرتبوو بۆ ئەوەی بلیتەکانی یارییەکەیان دەستبکەوێت، بەڵام هەزاران هاندەر بەهۆی دەستنەکەوتنی بلیتەکانی یارییەکەوە لە ماڵەوە سەیری یارییەکە دەکەن.
یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو، لەنێوان قادسیەی کوێتی و دهۆک لە کوێت بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهاتووە و یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی سێشەممە لە یاریگەی دهۆک دەکرێت و یانە کوردستانییەکە لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی وەکو یەکەم یانەی کوردستان و عێراق نازناوی جامی کەنداو بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ