رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر مەشق و راهێنانەکانی یانەکەیان بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە بایکۆت کرد.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئەمڕۆ، یاریزانانی یانەی هەولێر بەهۆی ئەوەی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ مووچەیان پێنەدراوە، مەشق و راهێنانەکانی یانەکەیان بایکۆت کردووە، لەکاتێکدا قەحتان جسیر، دەبووایە ئەمڕۆ بۆ رۆژی دووەم سەرپەرشتیی مەشقەکانی یانەکە بکات.
رووداو زانیوویەتی، سەرەڕای ئەوەی مەشق بە تیپی تۆپی پێی یانەکە دەداتەوە، تاوەکو ئێستا قەحتان جسیر، گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر واژۆ نەکردووە و بە کارگێڕیی یانەکەی گوتووە، تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکانی یانەکە چارەسەر نەکەن ئامادەنیم سەرپەرشتی مەشقدانەوەی تیپەکە بکەم.
چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر، حەیدەر عەبدولئەمیر، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە یانەی هەولێر دوورخرایەوە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردووشدا، یانەکە دەستبەرداری شاخەوان عارف، راهێنەری توانای جەستەیی یانەکە بوو و کارگێڕیی یانەکە بەو راهێنەرە کوردەی گوتووە، قەحتان جسیر، ستافی خۆی لەگەڵ دەبێت و پێویستیمان پێت نابێت.
قەحتان جسیر، ئەمڕۆ بە یاریزانەکانی یانەی هەولێری گوتووە، من لەگەڵ یاریزانەکانم و پاڵپشتیی هەڵوێستی ئێوە دەکەم و لەگەڵتان دەوەستم تاوەکو مافەکانتان وەردەگرن.
یانەی هەولێر لە دۆخێکی خراپدایە، یانەکە لە دوایین چوار یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، لە جامی عێراقدا بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە یانەی نەفت دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی یانەکە کرد.
هەر لەم وەرزەدا یاریزانانی تیپەکە ئەمە جاری دووەمە بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان دەکەن، کە پێشتر کاتێک عەباس عوبێد، راهێنەری یانەکە بوو، بەهەمان هۆکارەوە یاریزانەکان بایکۆتی مەشقەکانیان کرد و تەنیا 5 یاریزان لە مەشقەکاندا ئامادەبوون.
بەرپرسێکی کارگێڕیی یانەی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە رووداوی گوت "یانەکە لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووەوە هیچ بڕەپارەیەکی وەرنەگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر پێی خۆمان وەستاوین و بەردەوامدەبین لە کارکردن لەپێناو ناوی یانەکەدا."
هەولێر بڕیاربوو سبەی یەکشەممە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەرامبەر یانەی کارەبا یاری بکات، بەڵام بەهۆی پەیوەندیکردنی هەڵۆ فایەق و ئەحمەد مەکەنزی، یاریزانانی یانەکەوە بە هەڵبژاردەی ئۆڵیمیپی عێراق، یارییەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ