چاوەڕواننەکراو.. بارسێلۆنا چاوەڕێی راهێنەرێکی نوێ دەکات

13-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە ئێستاوە بەدوای راهێنەرێکدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا لە شوێنی چاڤی هێرناندێز، پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت.
 
چاڤی هێرناندێز، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکە دەڕوات و بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە داوە.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت راهێنەرێک شوێنی چاڤی بگرێتەوە، کە ئەزموونێکی گەورەی هەبێت و بەلای کەمەوە پێشتر نازناوی چامپیۆنزلیگی بردبێتەوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات خوان لاپۆرتا خەون بە یۆرگن کڵۆپەوە دەبینێت، یانەکە هەوڵدەدات ئەو راهێنەرە رازی بکات بۆ ئەوەی دوای رۆیشتنی لە لیڤەرپوول ببێتە راهێنەری یانەکە، بەڵام کڵۆپ رایگەیاندووە کە ساڵێک پشوو دەدات و زەحمەتە پەشیمان ببێتەوە."
 
سەرچاوەکە نووسیوویەتی "بژاردەیەکی دیکەی یانەی بارسێلۆنا، تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئێستای یانەی بایرن میونشنە، کە لە دۆخێکی باشدا نییە و ئەگەری هەیە لە کارەکەی دووربخرێتەوە."
 
لەگەڵ ئەوەی تۆخێل لە دۆخێکی باشدا نییە، بارسێلۆنا چاودێریی ئەو راهێنەرە دەکات و بیر لەوە دەکاتەوە دوای دوورخستنەوەی لە یانەی بایرن میونشن گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.
 
بارسێلۆنا بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، ئەنجامەکانی لە لالیگادا وەک پێویست نین و لە دوایین یارییدا لەگەڵ گرانادا یەکسانبوو، لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ناپۆلی یاریی دەکات و هاندەرانی یانەکە هیوایەکی زۆریان بە تیپەکە نییە بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.

تۆماس تۆخێل، راهێنەری بایرن میونشن


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە