رووداو دیجیتاڵ
خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە، یانەی مانچێستەر سیتی بە ئامانجی نزیکبوونەوەی زیاتر لە بەرگریکردن بۆ نازناوەکە، هەنگاوی یەکەمی لە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا لە دانیمارک دەبێت، کاتێک بەرامبەر سوپرایزی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ یاریی دەکات و رووبەڕووی کۆپێنهاگن دەبێتەوە.
دوو یانە رکابەری یەکدی دەکەن، بارودۆخیان بەتەواوی لە یەکدییەوە جیاوازە، یەکێکیان هەموو یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی بردووەتەوە و بە 18 خاڵ و ئارامییەوە گەیشتە ئەم قۆناخە، ئەوە مان سیتییە.
ئەوەی دیکەیان هەمووانی سەرسامکرد، کاتێک لە کۆمەڵەیەکی زەحمەتدا کە بایرن میونشن، مانچێستەر یونایتد و گاڵاتەسەرای توانیی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت و جێگەی خۆی لە قۆناخی شازدەدا لەنێو گەورەکانی ئەوروپادا بکاتەوە، ئەوە کۆپێنهاگنی دانیمارکییە.
کۆپێنهاگن ئەگەر پێش دەستپێکردنی چامپیۆنزلیگ وەک پاروویەکی ئاسان سەیرکرابێت، ئێستا ئەوە نییە، بەتایبەت کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئاڵنگاریی بەهێزی بینی و تێیدا سەرکەوت، ئێستا دەیەوێت ئاڵنگارییەکی دیکە تاقیبکاتەوە، تاقیکردنەوەی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، ئەوان دەیانەوێت بە رکابەریکردنی پاڵەوان درێژە بە سەرکێشییەکانیان بدەن.
کۆپێنهاگن لە یاریگەی خۆیدا هەمیشە تیپێکی زەحمەت و ئاڵۆز بووە بۆ یانە گەورەکان، مێژوو شایەدی ئەوە بۆ یانەکە دەدات، لە 2006 لە مانچێستەر یونایتدیان بردەوە، لە 2010 کە ئەو کاتە گواردیۆلا راهێنەری بارسێلۆنا، لە یاریگەی خۆیاندا لەگەڵ بلاوگرانا یەکسانبوون.
ساڵی دوای ئەوە لەگەڵ چێڵسی یەکسانبوون و گەیشتنە قۆناخی شازدە، لە 2013 -2014 یانەی یوڤێنتوسیان ناچاری یەکسانبوونکرد و وەرزی رابردووش لەگەڵ دۆرتموند یەکسانبوون، لەم وەرزەشدا لە یاریگەی خۆی لە مانچێستەر یونایتد و گاڵاتەسەرایان بردووەتەوە، هەموو ئەمانە بەسن بۆ ئەوەی گواردیۆلا و مان سیتی بە چاوێکی کەمەوە سەیری رکابەرەکەیان نەکەن.
مانچێستەر سیتی لە دوایین 10 یاریی رابردوودا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، گەڕانەوەی ئێرلینگ هالاند هێزێکی زیاتری داوەتە هێڵی پێشەوەی یانەکە و یارییکردنی کیڤن دیبرۆینیش ئەرکی هێرشبەرە نەرویجییەکە بۆ هەژاندنی تۆڕ ئاسانتر دەکات.
ئەوەی زیاتر هاوکاریی مان سیتی دەکات بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە لە دانیمارک بگەڕێتەوە، ئەوەیە کە کۆپێنهاگن لە 3ـی مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە بەهۆی پشووی خولی دانیمارکەوە یاریی فەرمیی لە خولەکەدا نەکردووە، تەنیا لە رێگەی یاریی دۆستانەوە ویستوویەتی توانای جەستەیی یاریزانەکانی بپارێزێت.
مانچێستەر سیتی پێشتر دوو جار چووەتە کۆپێنهاگن، هەردوو جارەکە بەیەکسانبوون گەڕاوەتەوە، تیپەکەی پێت دەیەوێت یەکەم بردنەوە لە یاریگەی پارکێن تۆماربکات و لە یاریی گەڕانەوەدا بە ئارامییەوە هەنگاو بۆ قۆناخی هەشت بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ