ڤیدیۆ؛ گەڕی دەیەمی تور دێ فرانس سوپرایز بوو

12-07-2023
ئیحسان تاهیر
گەڕی دەیەمی تور دێ فرانس
گەڕی دەیەمی تور دێ فرانس
نیشانەکردن تور دێ فرانس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گەڕی دەیەمی تور دێ فرانس گەڕی سوپرایزێکی گەورە بوو، کە تێیدا پایسکیلسوارێک بۆ یەکەمجار لە کاروانیدا پلەی یەکەمی گەڕێکی ئەو پێشبڕکێیەی بەدەستهێنا. جۆناس ڤینێگاردی پایسکیلسواری دانیمارکیش هەر لە پێشەنگی ریزبەندیی گشتی مایەوە.
 
ئەگەرچی گەڕی دەیەم گەڕێکی سەخت و تا راددەیەک ماوە درێژبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پیۆ بیلیباوی پایسکلسواری ئیسپانی، توانی بەسەر پایسکیلسوارە بەنێوبانگەکاندا سەربکەوێت و یەکەم سەرکەوتنی لە ژیانی وەرزشیدا بە بردنەوەی پلەی یەکەمی گەڕێکی گەشتی نێودەوڵەتیی تور دێ فرانس بەدەستهێنا، کە ماوەکەی سەد و شەست و حەوت کیلۆمەتر بوو، لە ڤۆڵکانیا دەستیپێکرد و لە ئیسوارێدا کۆتاییهات.
 
پایسکیلسوارە ئیسپانییەکە بە سێ کاژێر و پەنجا و دوو خولەک و سی و چوار چرکە ماوەی قۆناخەکەی بڕی و پێش جۆرج زیمەرمانی پایسکیلسواری ئەڵمانی کەوت کە پلەی دووەمی بەدەستهێنا. پلەی سێیەمیش بۆ بێن ئۆکۆنۆری پایسکیلسواری ئوسترالیی مایەوە.
 
سەرەڕای ئەم ئەنجامە، پایسکیلسواری دانیمارکی، جۆناس ڤینێگارد پلەی یەکەمی ریزبەندیی گشتی گەشتەکەی پاراست و جیاوازی حەڤدە چرکەی لەنێوان خۆی و پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی پاراست، کە تادی بۆگاچاری دووجار براوەی نازناوی پێشبڕکێ سلۆڤینیایە. گای هیندلیی پایسکیلسواری ئوسترالیش پلەی سێیەمی ریزبەندیی بەدەستهێنا و دوو خولەک و چل چرکە لەدوای ڤینێگاردەوەیە، لە کاتێکدا بییۆ بیلباو لە پلەی یازدەمەوە سەرکەوت بۆ پلەی پێنجەم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە