بارسێلۆنا خۆی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هاندەرانی فرانکفۆرت دەپارێزێت

12-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بڕیاری کاراکردنی پڕۆتۆکۆلی تووندی چامپیۆنزلیگی راگەیاند، بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئابڕووچوونی یارییەکەی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی کە دوو ساڵ لەمەوپێش روویدا.
 
بارسێلۆنا، ئەمشەو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، میوانداریی ناپۆلی ئیتاڵیی دەکات. یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە بەیەکسانبوون بەگۆڵێک کۆتاییهاتووە.
 
لە یارییەکەی ئاینتراخت فرانکفۆرتدا لە یۆرۆپالیگی 2022، ژمارەیەکی بەرچاوی هاندەرانی بارسێلۆنا، بلیتی وەرزیی ئامادەبوون لە یارییەکەیان لە یاریگەی کامپ نو فرۆشتەوە و یارییەکەش بە شکستی بارسێلۆنا 2 - 3 گۆڵ و چوونە دەرەوەی یانە کەتەلۆنییەکە لە پاڵەوانێتییەکە کۆتاییهات.
 
فرۆشتنەوەی بلیتەکانی ئەوکات، بووە هۆکاری دەرکەوتنی ژمارەی زۆری هاندەرانی ئاینتراخت لە یاریگەی کامپ نودا، بەشێوەیەک کە دیمەنەکانی ئەوکاتی یاریگەکە وا دەهاتە بەرچاو، کە بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییدەکات، نەک ئاینتراخت.
 
یانەی بارسێلۆنا، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، پڕۆتۆکۆلی "ئاسایش و چاودێری بلیتی هاندەرانی تیپی میوان"ی کاراکردووە بۆ یارییەکەی ناپۆلی کە لەسەر یاریگەی 'لویس کۆمپانیسی ئۆڵیمپی' بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی ئەو پڕۆتۆکۆلە، رێوشوێنی تووندی ئاسایش و چاودێریکردنی بلیتەکان کارا دەکرێت بەو شێوەیەی کە یانەکە دایناوە و بەئاستی 'زۆر مەترسیدار' ناوبیبردووە.
 
پڕۆتۆکۆلەکە، چاودێری فرۆشتنی بلیت بەهاندەرانی تیپی میوان دەکات لە یاریگەدا و بیریاندەخاتەوە کە لە یاریگەدا تەنیا دەتوانن بچنە ئەو شوێنەوە کە تایبەتکراوە بەهاندەرانی تیپی میوان.
 
بارسێلۆنا داوای لە سەرجەم هاندەرانی ناپۆلی کردووە، ئەو کەسانەی بلیتی یارییەکەیان نییە، نەچنە چواردەوری یاریگەکە و هەوڵی کڕینەوەی بلیتی هاندەرانی بارسێلۆنا نەدەن، چونکە رێگەی چوونە ژوورەوەیان پێنادرێت.
 
بارسێلۆنا دووپاتیکردووەتەوە کە هاندەرانی ناپۆلی ناتوانن بلیتی یارییەکە بکڕنەوە لە هیچ شوێنیک و تەنیا ئەوانەش رێگەی چوونە ژوورەوەیان پێدەدرێت کە ئەو بلیتانەیان پێیە کە یانەی ناپۆلی فرۆشتوونی و تەنیا رێگەیان پێدەدرێت بچنە ئەو شوێنەی بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە تایبەتکراوە.
 
یانەی بارسێلۆنا لە میانی رێوشوێنەکانی پاراستنی دۆخەکەدا، ناوی هاندەرانی لەسەر بلیتەکان نووسیوە و پشکنین بۆ ناسنامەیان دەکات، هەروەها رێگە نادات هیچ کەسێک درێسی یانەی ناپۆلی بپۆشێت لە دەرەوەی ناوچەی تایبەتکراو بەهاندەرانی ئەو یانەیە.
 
بارسێلۆنا، وەرزی رابردووش هەمان پڕۆتۆکۆلی بۆ هەموو ئەو یارییانە چالاککرد کە بە 'زۆر مەترسیدار' ناویبردبوون، لەپێناو رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی فرۆشتنەوەی بلیتی یارییەکان، لەلایەن هاندەرانی بارسێلۆناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە