رووداو دیجیتاڵ
جولین لۆپیتیگێ، راهێنەری یانەی سێڤییا ستایشی یانەی بایرن میونشنی رکابەری دەکات، لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپادا و دەڵێت، ئەو باشترین یانەی جیهانە.
راهێنەری سێڤییا بۆ ماڵپەری یوێفا قسەیکرد و گوتی، بایرن توانایەکی تاکەکسی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە، هانز فلیک، راهێنەری یانەکەش توانیوویەتی شێوازی یارییکردنی یانەکە بگۆڕێت، لە رووی کەسایەتی و هزرییەوە یانەکەی زۆر بەهێزکردووە.
لۆپیتیگێ زیاتر گوتی، بایرن بە شایستەییەوە نازناوی خول و جامی ناوخۆ و چامپیۆنزلیگی بردەوە، سەرەرای ئەوەی ئەوان زۆر بەهێزن، بەڵام تیپەکەم بە ورە و ئامانجی زۆرەوە خۆی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئەوان ئامادەدەکات.
راهێنەری پێشووی ریال مەدرید دەڵێت، رێزێکی زۆر لە رکابەرەکەمان دەگرین، بەڵام ئامانجمان هەیە، دەمانەوێت ببینە پاڵەوان، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانین ئاسان نییە.
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، یاریی جامی سوپەری ئەوروپا لە بودابێستی پایتەختی هەنگاریا، لەنێوان بایرن میونشنی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و سێڤییای پاڵەوانی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچێت.
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا رایگەیاندبوو، رێگە بە ئامادەبوونی 30٪ هاندەران دەدەن لە یارییەکەدا، بەمەش 3000 هاندەر لە یارییەکەدا ئامادەدەبن، کە ئەمە یەکەم یاریی یوێفایە هاندەران تێیدا ئامادەبن لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.




