زانیاری نوێ لەبارەی رۆیشتنی ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان و نزیکبوونەوە لە ریال مەدرید

11-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس سانجێرمان ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێریز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان، بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی لە یانەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راگەیاند، هەمووان چاوەڕێی ئەوەن یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.
 
ئێمباپێ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت "بەفەرمی رایدەگەیێنم کە ئەم وەرزە دوایین وەرزی منە لەگەڵ یانەی پی ئێس جی. بڕیارمدا گرێبەستەکەم نوێ نەکەمەوە و یاری رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دوایاریی من دەبێت لەگەڵ ئەو یانەیەی کە هەشت ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە ریزەکانییەوە کرد. هەروەها هەندێک دەستکەوتم لەگەڵدا بەدەستهێنا، سوپاسی یاریزانە هاوڕێکانم و راهێنەرەکانم دەکەم، تۆماس توخێل، لویس ئێنریکی، لیۆناردۆ و کامپۆس. هەمووان لە راهێنەرانی توانای جەستەیی و هەموو ستاف و شۆفێرەکانی پاس. سوپاسی هەموو ئەو یاریزانانە دەکەم کە لە پاریس سانجێرمان کاریان کردووە."
 
کیلیان زیاتر گوتی " لە دەرەوەی فەرەنسا ئالنگارییەکی نوێ تاقی دەکەمەوە. ئێستا من یاریزانێکم لە دەرەوەی پاریس، بەڵام من لەم ساتەوە هەواداری پی ئێس جیم، سەیری هەموو یارییەکانی دەکەم. لە ماوەی ئەو ساڵانەی لێرە بووم هەرگیز کەمتەرخەمیم نەکردووە، بەڵام تایبەتمەندی و کەموکوڕیشم هەبووە. سوپاس بۆ هەمووتان."
 
دوای ئەو پەیامە کیلیان ئێمباپێ، لەگەڵ ئاڵتراسەکانی یانەی پاریس سانجێرمان کۆبووەوە و میوانداریی کردن، میدیای فەرەنسا دەڵێت "ئێمباپێ پێیگوتوون، سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، رەنگە رۆژێک لە رۆژان بتانبینمەوە، کێ دەزانێت چی روودەدات."
 
دوای ماڵئاواییکردنی لە هاندەران و هاوڕێکانی لە یانەی پاریس سانجێرمان، هەموو پێشبنییەکان بۆ ئەوەن کە کیلیان ئێمباپێ لە کۆتایی لە گەیشتن بە خەونی پۆشینی درێسی ریال مەدرید نزیکدەبێتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، یانەی ریال مەدرید ئامادەکارییەکی زۆری کردووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش پێشوازی لە کیلیان ئێمباپێ بکات و گرێبەستەکەی لە دوای ئەنجامدانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رادەگەیێنێت.
 
لە ئەگەری مانەوەی لوکا مۆدریچ، لە یانەی شاهانە، کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید درێسی ژمارە 9 دەپۆشێت، ئەگەر مۆدریچ بڕوات، ژمارە 10 دەدرێتە ئەستێرە فەرەنسییەکە.
 
بەپێی دوایین زانیارییەکان، گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید تاوەکو ساڵی 2029 دەبێت، مووچەکەی لە نێوان 20 بۆ 25 ملیۆن یۆرۆیە و ریال مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشتی پەیوەندیکردنی بە یانەکە دەداتە ئەو یاریزانە.
 
میدیای فەرەنسا دەڵێت "رۆژی دووشەممەی رابردوو، لە مەشقەکانی یانەی پاریس سانجێرماندا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکەی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند، ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەکە ئامادەبووە و سڵاوی لە هەموو یاریزانەکانی یانەکە کردووە، جگە لە کیلیان ئێمباپێ کە بەتەنیا لە سووچێکی یاریگە وەستاوە، جگە لەوەش کیلیان لە پەیامی ماڵئاواییکردنیدا سوپاسی هەمووانی کرد، جگە لە سەرۆکی یانەکەی."
 
فابریزیۆ رۆمانۆ دەڵێت "ئێمباپێ بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات، بەڵام 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاریس سانجێرمان دەگەڕێتەوە، چونکە رێککەوتن لەگەڵ ئێمباپێ کرابوو ئەگەر گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە ئەو پارەیەی پێدەدرێت، بەڵام ئێستا تەنیا 80 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت وەردەگرێت، کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە و بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی یەک ساڵ.
 
کیلیان ئێمباپێ لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا لە یانەی پاریس سانجێرمان 306 یاریی ئەنجامداوە، 255 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە، 108 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە، 6 جار نازناوی خولی فەرەنسای بەدەستهێناوە و بەشێوەیەکی گشتیش 14 نازناوی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە، بەڵام هیچ یەکێکیان نازناوی چامپیۆنزلیگ نین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە