فەرەنسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمباپێ دەستپێکرد

11-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەکانی فەرەنسا هێرشەکانیان بۆ سەر کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان دەستپێکرد و بە 'ونبوو' وەسفییان کرد.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا رۆشنایی خستووەتە سەر مانشێتی رۆژنامەکانی فەرەنسا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوبوونەتەوە و هەموویان رەخنە لە ئێمباپێ دەگرن، بەهۆی ئەو ئاستە خراپەی دوێنێ چوارشەممە لە یاریی نێوان پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا پێشکێشی کرد و تیپەکەی بە ئەنجامی 3-2 دۆڕا.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، مانشێتی هەندێک لە رۆژنامەکانی فەرەنسای بڵاوکردووەتەوە، کە هەموویان هێرشکردنن بۆ سەر کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان.
 
رۆژنامەی لیکیپ لە مانشێتی سەرەکی خۆیدا نووسیویەتی "شکستێکی گەورە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئێمباپێ بەبێ تاقەتی چاوەڕێی یارییەکە بووە، هەروەها لە رۆژی خۆیشیدا نەبووە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمباپێ یاریزانێکی مەترسیدار نەبووە لەو یارییەدا، بڕیاری باشیشی نەداوە، هەرچەندە بەشداری لە گۆڵەکەی دێمبلێدا کردووە.
 
لای خۆیەوە رۆژنامەی لو پاریسیان تووندتر بووە، کە بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی "هیچ لێدان بۆ گۆڵ و 13 لەدەستدانی تۆپ".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامارەکان زیانیان بە کیلیان ئێمباپێ گەیاند، کە بەرامبەر بارسێلۆنا خراپ دەرکەوت و ئاستە خراپەکەی سەرکەوتنی پاریسییەکانی بەفیڕۆدا.
 
حەبیب بای، یاریزانی پێشوو، و شرۆڤەکاری کەناڵی 'کانال پڵەس'ـی فەرەنسی، لە لێدوانێکدا لەسەر هەڵوێستی ئێمباپێ، ئەو یاریزانەی بە 'ونبوو و دڵخۆش نەبوو" وەسفکرد و ستایشی ئاستی باشی بەرگری بارسا و بەتایبەتی کوندێی کرد کە یارییەکی نایابی ئەنجامدا.
 
رۆژنامەی لێ فیگارۆش، بە مانشێتێکی گەورە، رەخنەی تووندی لە کیلیان گرتووە و نووسیویەتی "ئێمباپێ زۆر خۆپارێز بوو".
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی ئێمباپێ و کارگێڕیی پاریس سانجێرمان و لویس ئێنریکی راهێنەر بە کاتێکی باشدا تێپەڕنابن، بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە پێیڕاگەیاندوون کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریسی نوێناکاتەوە و لە هاویندا ریزەکانی ئەو یانەیە جێدەهێڵێت، کە هەموو ئاماژەکان دەڵێن، ئێمباپێ دەچێتە ریال مەدرید.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە