پاریس سانجێرمان جێگرەوەی ئێمباپێ یەکلادەکاتەوە

11-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەنگاوەکانی بۆ پڕ کردنەوەی شوێنی کیلیان ئێمباپێ دەستپێکردووە، کە چاوەڕواندەکرێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ئەو یاریزانە لە ریزەکانی یانەکە بڕوات.
 
ماوەیەکی زۆرە ناوی کیلیان ئێمباپێ بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەستراوەتەوە، چاوەڕواندەکرێت یاریزانەکە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا دوای 6 ساڵ یارییکردن لە پاریس سانجێرمان، کاروانەکەی لە فەرەنساوە بباتە ئیسپانیا و ئەزموونێکی نوێ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تاقیبکاتەوە.
 
رۆژنامەی ئێل ماتینۆی ئیتاڵی دەڵێت " یانەی پاریس سانجێرمان گرێبەست لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆسیمێن، هێرشبەری نەیجیری و یانەی ناپۆلی واژۆ دەکات و بۆ ماوەی 4 ساڵ لەگەڵ ئەو یاریزانە گەیشتووەتە رێککەوتن."
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، یانە فەرەنسییەکە ئامادەیە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هێرشبەری یانە ئیتاڵییەکە جێبەجێبکات کە 120 ملیۆن یۆرۆیە.
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە یانەی پاریس سانجێرمان مووچەی ساڵانەی ڤیکتۆر ئۆسیمێن 13 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و بەشێکی مافی وێنەگرتنەکانیشی بۆ ئەو یاریزانە دەبن.
 
جگە لە پاریس سانجێرمان، یانەی چێڵسی یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی گرنگی بەتواناکانی ڤیکتۆر دەدات، بەڵام ئەو یانەیە ئامادەنییە ئەو پارەیە زۆرە بداتە ناپۆلی، بەمەش یانە ئیتاڵییەکە ئامادەنییە یاریزانەکە بفرۆشێتە یانە لەندەنییەکە.
 
ڤیکتۆر ئۆسیمێن لەگەڵ یانەی ناپۆلی لە وەرزی رابردوودا نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێنا و بووە گۆڵکاری خولەکە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی یانەکە گریبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2026 نوێبکاتەوە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی یانەکەوە چاوەڕواندەکرێت یاریزانەکە باشووری ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت.

ڤیکتۆر ئۆسیمێن




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە