رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی جامی کۆنکاف کرد، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە یانەی مۆنتێری مەکسیکی دۆڕا.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی جامی کۆنکاف، ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە مەکسیک بووە میوانی یانەی مۆنتێری، لە یاریی چووندا مەیامی لە یاریگەی خۆیدا دۆڕابوو و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، بەڵام ئەم یارییەش دۆڕاند و ماڵئاواییکرد.
لە یارییەکەدا سەرەڕای ئەوەی لیۆنێل مێسی بەشدارییکرد، ئینتەرمەیامی نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکێشکرد.
دوای 31 خولەک یارییکردن، براندۆن ڤاسکێز، بە سوود وەرگرتن لە هەڵەیەکی گۆڵپارێزی یانەی ئینتەرمەیامی، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ مۆنتێری تۆمارکرد، نیوەی یەکەم تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
لە نیوەی دووەمدا، خاوەن یاریگە باشتر یارییکرد، لە خولەکی 58 جێرمان بێرتێرامێ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی بۆ مۆنتێری تۆمارکرد و یانەکەی زیاتر لە بردنەوە نزیککردەوە.
لە خولەکی 64 جیسوس گالاردۆ، مێسی و ئینتەرمەیامیی بەتەواوی بێهیوا کرد، کاتێک گۆڵی سێیەمی بۆ یانە مەکسیکییەکە تۆمارکرد.
لە خولەکی 78 جۆردی ئەلبا بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمە ئینتەرمەیامیی بەتەواوی لە بردنەوە دوورخستەوە.
هەرچەند لە خولەکی 85 دیێگۆ گۆمێز گۆڵێکی بۆ مەیامی تۆمارکرد، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو و ئینتەرمەیامی یارییەکەی بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕاند.
بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە، مۆنتێری بە 5-2 لە ئینتەرمەیامیی بردەوە، بەمەش مێسی و تیپەکەی لە قۆناخی هەشتی جامی کۆنکاف کرانە دەرەوە و کاروانەکەیان کۆتاییهات.
مۆنتێری لە رووی ئامارەوە لە ئینتەرمەیامی باشتربوو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ