دەستەوارەیەکی خەیاڵی لە سعودیەوە بۆ مەحرز

10-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریاز مەحرز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەهلیی سعودی دەستەوارەیەکی گەورەی ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی ریاز مەحرز، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی رازی بکات پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
 
سعودیە هەنگاوەکانی بۆ بەهێزکردنی یانەکانی وڵاتەکەی چڕکردووەتەوە، کەریم بنزیما چووە یانەی ئیتیحاد، ئێنگۆلۆ کانتێ، نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەکە و رۆناڵدۆش لە یانەی نەسڕە، یانەی ئەهلی دەیەوێت بە گرێبەستیکی خەیاڵی مەحرز بگوازێتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی ئی ئێس پی ئێن، یانەی ئەهلی هەنگاوەکانی بۆ رازیکردنی ئەستێرە جەزائیرییەکە دەستپێکردووە، وەلید معاز، سەرۆکی یانەکە خۆی سەرپەرشتی گفتوگۆکانی نێوان یانەکە و بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە دەکات و لەم هەفتەیەدا دەچێتە ئینگلتەرا بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکە.
 
ریاز مەحرز گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی دوو وەرزی ماوە، بەڵام داهاتووی روون نییە، بەتایبەت کە ماوەی رابردوو بەشێوەی سەرەکی بەشداریی لە یارییەکانی یانەکەدا نەکردووە.
 
بەپێی دوایین پێشهاتەکان یانە سعودییەکە ئامادەیە ساڵانە 50 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە، لەگەڵ پاداشتەکان بۆ وەرزی یەکەم و ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی بۆ ساڵی سێیەم، کە ئەو دەستەوارەیەی ئەهلی پێشکێشیدەکات بۆ دوو وەرزە.
 
مەحرز بیر لەو دەستەوارەیە دەکاتەوە، بەڵام دیارنییە مانچێستەر سیتی بە دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە رازی دەبێت یان نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە