رووداو دیجیتاڵ
پاڵەوانی سێ وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ و هەڵگری سیانەی مێژوویی وەرزی رابردوو، نایەوێت لە وەرزێکی پڕ لە ململانێ و رکابەریدا، خۆی بەدەست ویستی دوو رکابەری بەهێزەوە بدات کە لەم وەرزەدا ئامادەیی و ویستی گەورەیان بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ پێشانداوە.
ئەگەرچی لە سەرەتاکانی وەرزی ئەمساڵدا، گەمەی جێگۆڕکێ و کورسیی گۆڕینی زۆر لە نێوان یانەکانی پرێمەرلیگدا روویاندا و زۆر هەفتە گوزەران و هەر هەفتەیەک، پێشەنگی خولەکە بەدەست یەکێکەوە بوو، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردووەوە، ئیدی هەمووان دەریانخست کێ دەتوانێ تا دوا مەتری پێشبڕکێی نازناوەکە رابکات و کێ چیدی توانای راکردنی نەماوە.
لە نێو ئەم وەرزە پڕ لە ململانێ سەختەدا، کە تاوەکو ئێستا پرێمەرلیگ بەخۆوەی پێشانداوە، لە یەکێک لە هەفتە هەرە هەستیارەکانی خولەکەدا، ئانفێڵد دەبێتە گۆڕەپانی یەکێک لە قورسترین، سەختترین و تاکتیکیترین یارییەکانی وەرزەکە، لە نێوان دوو تیپدا، کە راهێنەرەکانیان، شێت و شەیدا و خولیاسەری تاکتیک و وردەکاریی نێو یاریگەن.
ئانفێڵد جارێکی دیکە و بەدەنگی بەرز سروودە نەمرەکەی خۆی، بۆ سروودی نێڤەو وۆڵک ئەلۆن دەنگ بەرز دەکاتەوە و هاندەرانی نێو ئانفێڵد و لیڤەرپوول نایانەوێت لە یاریگەکەی ئەوانەوە، مانچێستەر سیتی ئاڵای دەرچوون بەرەو نازناوێکی دیکە پرێمەرلیگ بەرز بکاتەوە.
لە چەند وەرزی نزیکی رابردوودا، هەمووکات لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی، سەرسەختانە بەرامبەر یەکدی وەستاونەتەوە و نازناوەکانیان لە چنگی یەکدی دەرهێناوە، بەڵام کەم روویداوە هێندەی ئێستا هەردوو یانە لە ئاست و ئەنجام و ویستدا هێندە لەیەکدییەوە نزیک بووبن.
لیڤەرپوول لەسەرەتای وەرزەوە و تاوەکو ئێستا، هەرزوو دووپاتیکردەوە کە ئەمساڵ بوگوڕوتینێکی دیکەوە هاتووەتەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوی خولەکە و بەدرێژایی بیست و حەوت هەفتەی خولەکەش ئەوەی دووپاتکردەوە کە نایەوێت بەئاسانی لە بازنەی ململانێیەکە بچێتە دەرەوە.
مانچێستەر سیتی لای خۆیەوە هەمان ویستی پێشانداوە، بەڵام ئەو تیپە کە پێشبینیدەکرا سیانە مێژووییەکەی وەرزی رابردوو، کەمێک لە تینوێتی یاریزانەکانی بۆ نازناوەکان شکاندبێت، لەسەرەتادا هەمان توانای رکابەریی پێشان نەدا، بەڵام لەگەڵ گەیشتنە هەفتە هەستیارەکانی کۆتایی زستانەوە لە ئینگلتەرا، ئیدی یانەکە ریتمی خێرای خۆی بەدەستهێنایەوە و ئێستا لە نێوان ئەو و دوو رکابەرەکەیدا لەسەر نازناوەکە، تەنیا خاڵێک و دووان جیاوازییە.
ئەوەی بەئارامی و دڵەڕاوکەیەکی زۆرەوە لە دەرەوەی بەریەککەوتنی ئەو دوو تیپە، تەماشای یارییەکە و ئەنجامەکەی دەکات، ئارسیناڵە.
ئارسیناڵ کە دوێنێ شەو بەبردنەوە لە برێنتفۆرد پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگی وەرگرتەوە، بەدوای قازانج و دەستکەوتی خۆی لە یارییەکەدا دەگەڕێت و تاکە قازانج بۆ ئەو، یەکسانبوونی هەردوو تیپە، کە وا دەکات ئارسیناڵ مانەوەی لە پێشەنگی ریزبەندییەکە ببێتە راستییەکی جێگیر.
بەشێکی گەورە لە بایەخی یارییەکەی ئەمشەوی نێوان دوو زەبەلاحەکەی پرێمەرلیگ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە براوەی یارییەکە هەر تیپێک بێت، تەکانێکی گەورە دەدات بەئاراستەی گەیشتنە سەر سەکۆی نازناوەکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ