سوپرایزێک لەبارەی داهاتووی محەممەد سەڵاحەوە

10-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح یانەی هیلالی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان سوپرایزێکی شۆکهێنەریان ئاشکراکرد سەبارەت بە خواستی یانەی هیلالی سعودی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ محەممەد سەڵاحی میسری، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول.
 
سەڵاح لەدۆخێکی سەختدایە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکەی، بەو پێیەی پەیوەندییان پێوە نەکردووە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، سەرەڕای درەوشاوەیی گەورەی لەم وەرزەدا لەگەڵ تیپە ئینگلیزییەکەی.
 
گرێبەستەکەی محەممەد سەڵاح لەگەڵ رێدز لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستاش نەگەیشتووەتە رێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
ماڵپەڕی GIVEMESPORTـی پێشهاتەکانی داهاتووی محەممەد سەڵاح ئاشکرا دەکات.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، ناوبژیوانانی سعودی پەیوەندییان بە لیڤەرپوولەوە کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی هەڵوێستی خۆیانەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو ئەستێرە میسرییە لەم هاوینەدا.
 
روونیشیکردەوە، سەڵاح هێشتا لە گفتوگۆدایە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول، گەشبینیش لەناو یانەکەدا هەیە بەوەی بەردەوام دەبێت لەگەڵ تیپەکە، بەڵام بەرپرسانی خولی پیشەگەری سعودیش بڕیاریانداوە پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی یانەکانی 2025، کە لە 15ـی حوزەیران دەستپێدەکات، هێرشبەرەکەی لیڤەرپوول بۆ یانەی هیلال بگوازنەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە سوودمەند دەبێت لەو دەرفەتەی کە لەلایەن فیفاوە دەدرێت بە یانەکانی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان، بەشێوەیەک کە لەماوەی نێوان 1 بۆ 10ـی حوزەیران رێگە بە یانەکان دەدات پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییە نوێیەکە، کە 32 یانە تێیدا بەشدارن گرێبەستی نوێ ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی هیلال لە کاتی خۆیدا گرێبەست لەگەڵ محەممەد سەڵاح بکات.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە بەرپرسانی یانەی هیلال پەیوەندییان بە هاوتاکانیانەوە کردووە لە لیڤەرپوول بۆ زانینی هەڵوێستیان لەبارەی ئەوەی بڕە پارەیەکیان پێبدەن بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە، کە تەنیا چەند رۆژێک دەمێنێت بۆ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی.
 
سەڵاح پێویستی بە نزیکەی مانگێکی تەواوە، بۆ کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە، کە لە 30ـی حوزەیرانی 2025 کۆتاییدێت.
 
لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کراوەتەوە کە لیڤەرپوول رێگە بە سەڵاح دەدات لەکاتی گونجاودا بڕوات، ئەگەر گرێبەستەکەی درێژ نەکاتەوە.
 
سەبارەت بە مووچەی سەڵاح لەگەڵ یانەی هیلال، لەوانەیە بۆ هەر وەرزێک زیاتر لە 160 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت، کە ئەو بڕە پارەیە هاوشێوەی مووچەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، کە هاوکات لە گفتوگۆدایە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ.
 
تاوەکو ئێستا لیڤەرپوول و سەڵاح نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ماوەی گرێبەستەکە یان مووچە، بەڵام سەرچاوەکانی ناو یانە ئینگلیزییەکە بەڕوونی ئەوەیان خستووەتەڕوو کە گفتوگۆکان ئەرێنین.
 
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە بەنیازە ئەو دەستەوارەی لە ساڵی 2023 بۆ سەڵاح پێشکەشی سەڵاح بکاتەوە و لەسەر مێزی ئەستێرەی لیڤەرپوول بهێڵێتەوە، بەتایبەت کە پێدەچێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە زۆر تایبەت بن بەهۆی مایکل ئیمێنالۆی نایجیری، کە پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشیی لە خولی پیشەگەری سعودیە بەدەستەوەیە، کە چەندین دەسەڵاتی پەیوەندیدار بە راکێشانی باشترین یاریزانانی جیهان هەیە، لەسەرووشیانەوە سەڵاح.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە