نهێنیی کۆبوونەوە شەش کاژێرییەکەی مانچێستەر یونایتد ئاشکرا دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جیم راتکلیف یانەی مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێر جیم راتکلیف، پشکداری یانەی مانچێستەر یونایتد، بۆ ماوەی شەش کاژێر لەگەڵ ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکەی کۆبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی نییە لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە، میدیای ئینگلتەرا هەندێک زانیاری نهێنییان لەسەر کۆبوونەکەوە ئاشکرا کردووە.
 
ئێوارەی سێشەممە، راتکلیف، لەگەڵ تێن هاگ کۆبووەوە بۆ ماوەی شەش کاژێر. کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە تێن هاگ گوشاری زۆری لەسەرە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەیەوە کە وەرزی سێیەمیەتی لەگەڵ یانەکە.
 
سەرچاوەکان، کۆبوونەوەیەکەیان بە'کۆبوونەوە قورسەکە' ناوبردووە. کۆبوونەوەکە لە ناوچەی نایستبریج لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و لە بارەگای کۆمپانیای ئینیۆسی موڵکی راتکلیف ئەنجامدراوە.
 
لە کۆبوونەوەکە هاوبەشەکانی راتکلیف بەشدارییانکردووە. لێکۆڵینەوە لەبارەی چارەنووسی تێن هاگەوە کراوە، پاش زنجیرەی ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ.
 
راتکلیف چەندین بابەتی جیاوازی لە کۆبوونەوەکەدا خستووەتە بەر باس، لە نێویاندا نۆژەنکردنەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆرد و فراوانکردنی کە بڕیارە جێگەی 105 هەزار هاندەری تێدا ببێتەوە، یان دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ بۆ یانەکە بەپێی داخوازییەکانی بازاڕی نوێی وەرزشی.
 
چارەنووسی تین هاگ، یەکێک لە دۆسێ و باسە گەرمەکانی کۆبوونەوە درێژەکە بووە کە بەئامادەبوونی تێن هاگ خۆی قسەی لەبارەوە کراوە. ئەمەش پاش تەنیا 24 کاژێر لە کۆبوونەوەی دەستەی خاوەن پشکەکانی یانەکە لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری ئەفسانەیی یانەکە.
 
کەی بڕیاری کۆتایی دەدرێت؟
 
پەیامنێری رۆژنامەی 'دەیلی مەیل' کە لەبەردەم دەرگای کۆمپانیای ئانیۆس بووە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، دەڵێ تێن هاگ هەفتەیەکی لەپاش یارییە نێودەوڵەتییەکان دراوەتێ بۆ ئەوەی دۆخەکە چاکبکاتەوە یان دەستلەکاربکێشێتەوە.
 
پەیامنێرەکە گوتوویەتی، "ژمارەیەک بەرپرسی یانەکە لە کاژێر 11:30ی بەیانیدا گەیشتوونەتە شوێنی کۆبوونەوەکە و دوای شەش کاژێر شوێنەکەیان بەجێهێشتووە".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، کۆبوونەوەکە بایەخی گەورەی هەبووە، کاتێک باسوخواسی لەسەر تێن هاگ تێدا هێنراوەتە ئاراوە، دوای ئەوە یانەکە دوو یاری لە یۆرۆلیگ یەکسانبوو و لە پرێمەرلیگیش بەرامبەر تۆتێنهام دۆڕا و لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا یەکسانبوو.
 
وەرزی رابردوو تێن هاگ، بەهەمان شێوە نزیکبوو لە دوورخستنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بەبەدەستهێنانی نازناوی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، خۆی لە دوورخستنەوە رزگار بکات.
 
داتاکانی مێژووی پرێمەرلیگ دەڵێن، هیچکات لە مێژووی یانەکەدا رووینەداوە دوای هەشت گەڕی خولەکە، مانچێستەر یونایتد لە پلەی چواردەی ریزبەندی خولەکە بێت.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، یەکسانبوون بەرامبەر پۆرتۆ لە یاریگەی دراوگا لە یۆرۆلیگ و یەکسانبوون لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا لە ڤێلا پارک، ناتوانن هیچ لەو گومانانە کەمبکەنەوە کەلەسەر توانای تێن هاگ هەیە.
 
راپۆرتی 'دەیلی مەیل' گوتوویەتی، راتکلیف و سێر دیڤ برایلسفۆردی یاریدەدەری، بەجۆرێک لە نیگەرانییەوە لە کۆبوونەوەکە هاتوونەتە دەرەوە.
 
ماڵپەری 'میل سپۆرت'، ئاشکرایکردووە بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسی تێن هاگ، لەلایەن راتکلیف و هاوبەشەکانییەوە دەدرێت بەپشتبەستن بە تێبینی عومەر برادەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە و دان ئاشۆرتی بەڕێوەبەری وەرزشیی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە