زانیاری نوێ لەبارەی یاریی کوێت و عێراق

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوێت، ئامادەکارییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ پێشوازیکردن لە یاریکردن بەرامبەر عێراق و پێشوازیکردن لە رێژەیەکی زۆری هاندەران. 
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە لە گەڕی دووەمی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی کوێت لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی جابر ئەلحەمەد میوانداریی هەڵبژاردەی عێراق دەکات، هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاری توانی لە شاری بەسرە بەبردنەوەی خۆی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر تەواو بکات. 
 
کوێت بەشێوەیەکی فەرمی رەزامەندی ئامادەبوونی 5000 هەزار هاندەری هەڵبژاردەی عێراقی لە یارییەکە داوە، ئێستا کۆمپانیا گەشتیارییەکان سەرقاڵی فرۆشتنی بلیتەکانی فڕۆکە و یارییەکەن، بەڵام ترسێکی زۆری ساختەکردنی بلیتی یارییەکە هەن، لە دەسپێکی دەنگدانەوەی ساختەکارییەکان دەسەڵاتی هێڵی ئاسمانی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی لە سزادان و لێپێچینەوە ئاگادار کردەوەتەوە لە ئەگەری بوونی ساختە و کێشە لە نەبوونی رەزامەندی ئەمنی و ڤیزای وڵاتی کوێت لە لای هەر گەشتیارێک، راستەوخۆ کۆمپانیاکە سزای قورس دەدرێت. 
 
لای خۆیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوێت هۆشداری دا لەبارەی ساختەکردنی بلیتی یارییەکەی، و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "دوای بەدواداچوونمان بۆمان دەرکەوت کە هەندێک خەڵک لە رێگای چەند پەیج و سۆشیاڵ میدیاوە سەرقاڵی فرۆشتنی بلیتن، کە ئەمە ساختەیە و لای ئێمە قبوڵکراو نین، ئێمە لینکێکی تایبەتمان هەیە و تەنیا بلیتیەکانی ئەوێ تەواون و قبوڵکراون".
 
لە کۆتاییدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوێت داوا دەکات هاندەران لە کڕینی ئەو جۆرە بلیتە ساختانە دووربکەونەوە، لەبەرئەوەی هەر کەسێک بلیتی لەو شێوەیەی پێبێت مافی چوونە نێو یاریگەی لە کاتی یاریی کوێت و عێراق پێنادرێت. 
 
دوای تەواوبوونی یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان، هەڵبژاردەی عێراق درێژەی دا بە مانەوە و ئامادەکاری لە شاری بەسرە، هەرچەندە ئەیمەن حوسێن گۆڵکاری هەڵبژاردەکە بەهۆی خوێنبەربوون لە شادەماری دڵی و مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی کوێت دوورە لە تیپەکە، بەڵام خیسوس کاساسی راهێنەر پشووی بە عەلی جاسم داوە و دەیەوێت ببێتە شوێنگەرەوەیەکی باشی ئەیمەن. 
 
هەڵبژاردەی کوێت لە یەکەم یارییدا بەئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئوردن یەکسانبوو، کوێت لە ئەرکێکی قورسدا لەنێو هاندەرانی یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق دەکات کە دروشمی تیپەکە و هاندەرانی گەیشتنە بە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
 
دوای تەواوبوونی یاریی عێراق و عومان یونس مەحموود، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "یەکەم سەرکەوتنمان پیرۆزە لە هەموو خەڵکی عێراق، یاریمان زۆر ماوە و دەمانەوێت یارییەکانی داهاتووش ببەینەوە و ئامانجەکەمان بپێکین بە گەیشتن بەیارییەکانی مۆندیال". 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا جارێک لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی کردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کە عەدنان درجال سەرۆکایەتی دەکات و لە مۆندیالی مەکسیک وەک یاریزان یاریکردووە، دەیەوێت بۆ جاری دووەم عێراق بگاتە یارییەکانی مۆندیال. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە