پارێزەرێکی کوێتی: عەدنان درجال دەربکەن، چونکە دزی لە کوێت کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق عەدنان درجال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو رۆژ بەر لە یاریی کوێت و عێراق لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2026، پارێزەرێکی کوێتی سکاڵای دژی عەدنان درجالی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تۆمارکرد و داوای کرد بو زووترین کات لە کوێت دەربکرێت. 
 
دوای یارییەکە لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانیدا، کە لە یارییەکەدا ئەیمەن حوسێنی هێرشبەری عێراق تووشی خوێن بەربوونی ناوەوە بوو، بەو هۆیەوە یاریزانەکە بەخێرای گواستراوە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کوێت.
 
پاش ئەو رووداوە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بۆ دەزگا میدیاییەکان قسەی کرد و گوتی کە ئەیمەن حوسێن گواستراوەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای کوێت و دواتر راستی کردەوە و گوتی وڵاتی کوێت.
 
بەهۆی ئەو کێشە کۆنەی کە لەنێوان هەردوو وڵات هەیە، ئەم لێدوانەی عەدنان درجال بە خێراییەکی زۆر بڵاوبووەوە لەنێو لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا، داواکرا بەخێرایی عەدنان درجال وڵاتی کوێت جێبهێلێت، چونکە ئەو رێزی لە سەروەری وڵاتی کوێت نەگرتووە.
 
عادل یەحیا، پارێزەری کوێتی سکاڵای لەسەر سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تۆمارکرد و بەوەی تۆمەتبارکرد کە سەروەری وڵاتەکەی پێشێڵکردووە و ناوبردنی کوێت بە پارێزگا سەرپێچی یاساییە و دەبێت عەدنان درجال لەسەر ئەمە سزا بدرێت.
 
دادگای کارگێڕیی کوێت رۆژی 6ـی مانگی 11ـی دەستنیشانکرد بۆ گوێگرتن لە سکاڵای پارێزەر عادل یەحیا کە تێیدا داوا دەکات عەدنان درجال قەدەخە بکرێت لە چوونە نێو کوێت بۆ جارانی داهاتوو و بۆ ئەم جارەش دەبێت بە زووترین کات کوێت جێبهێلێت و رێز لە هەستی خانەوادەی شەهیدان بگیرێت کە لە شەڕی عێراق و کوێت گیانیان لەدەستداوە.
 
لە سکاڵای پارێزەرە کوێتییەکەدا هەروەها هاتووە کە عەدنان درجال لە کاتی شەڕی کوێت و عێراق دزی لە یانە کوێتییەکان کردووە، و لە پێش میدیاکانیش کوێتی بە پارێزگایەکی عیراقی ناساندووە.
 
ئەمە لە کاتێکدا دێت کە تەواوی قسەکانی عەدنان درجال بۆ میدیاکاران بەمشێوەیە بوو "بۆیە بڕیارماندا بە زووترین کات ئەیمەن بگوازینەوە بۆ پارێزگای کوێت ببوورن وڵاتی کوێتی برا، کە ئاسانکاری زۆریانکرد بۆ ئەوەی یاریزانەکە بگوازینەوە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەم وڵاتە".
 
کوێت نزیکترە  بۆ بەسرە لە شاری بەغدا، ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەیمەن حوسێن بگوازرێتەوە کوێت لەجیاتی شاری بەغدا، چونکە رەوشی تەندروستی ئەیمەن حوسێن بەرگەی ئەوەی نەدەگرت بە فڕۆکە بگوازرێتەوە یاخود بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج کاژێر لەنێو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە