رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی، پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە دەکات و پاڵپشتیی خۆی بۆ یانەکە لە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی راگەیاند.
سەرۆک بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، لە نزیکەوە بینەری یاریی نێوان قادسیە و دهۆک دەبێت و هیوای سەرکەوتن بۆ یانەی دهۆک دەخوازێت، سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لە یانەی دهۆک کرد کە بەدەستیهێناون و توانیوویەتی بگاتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو.
سەرۆکی یانەی دهۆک، راهێنەر و یاریزانانی یانەکە لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئامادەبوون و بە چەپڵەرێزان و دڵخۆشییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک بارزانی و پاڵپشتییەکەی بۆ یانەکەیان کردەوە.
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی یانەکەوە گوتی "پەیوەندیی جەنابی سەرۆک بارزانی، ورەیەکی زۆر بەرز و نائاسایی دایە سەرجەم یاریزانەکان و بەتایبەتیش راهێنەری یانەکە، لەپێناو سەرۆک بارزانی یاری دەکەین و دەمانەوێت جامی پاڵەوانێتییەکەی پێشکێش بکەین."
سەرۆکی یانەی دهۆک زیاتر گوتی "هەموو ئامادەکارییەک بۆ یارییەکە کراوە و یانەی دهۆک، هاوشێوەی یانە گەورەکانی جیهان لە خزمەتگوزاری و دابینکردنی سیکیوریتی و چاودێریکردنی خواردنی یاریزانەکان کاری کردووە، سوپاسی پاڵپشتیی هاندەران دەکەین کە ئەمڕۆ لە دهۆک درێسی یانەکە نەماوە، ئێمە لە دوایین دێڕەکانی نووسینەوەی مێژووین و پشتبەخوا بتوانین هاندەرانمان دڵخۆشبکەین."
ئەمڕۆ ئێوارە 8-4-2025 لە یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداودا، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی یاری دەکات و یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە، رۆژی 15ـی مانگ لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت.
یانەی دهۆک یەکەم یانەیە لە مێژووی تۆپی پێی کوردستان و عێراق، دەگاتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو و هەنگاوێکی کەم ماوە بۆ ئەوەی وەکو یەکەم یانە نازناوەکە بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ