لە بەسرە چیم بینی؟

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن بەسرە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی عێراق جارێکی دیکە توانی دڵی هاندەرانی خۆش بکات و یەکەم سەرکەوتنی لە قۆناخی سێیەمی یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەدەستهێنا. 
 
رووداو تاکە میدیای کوردی بوو لە شاری بەسرە هاوشانی میدیا بەنێوبانگەکانی وەرزشی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو رووماڵی یارییەکەی دەکرد، وەک نێردراوی یەکەمی بێ رکابەر زۆر راستیم بە چاوەکانی خۆم دیت کە دەتوانم بڵێم ئێستا هەڵبژاردەی عێراق شایستەی ئەوەیە بگاتە یارییەکانی مۆندیال بۆ جاری دووەم لە مێژووی خۆیدا.
 
خۆشەویستییەکی زۆر و تەباییەکی بێوێنە لەنێوان خیسوس کاساسی راهێنەر و یاریزانەکان دەبینم، ئەمە وایکردووە هەڵبژاردەکە ببێتە بەهێزترین تیپی ئێستای وڵاتانی عەرەب، هەمووان بۆ گەیشتن بە مۆندیال دەجەنگن، لە راهێنانەکانی عێراق تووشی سەرسوڕمان بووم کاتێک دیتم هەمووان بە مۆڕاڵێکی بەرزەوە بەر لە 24 کاژێر لە یاریکردنیان بەرامبەر هەڵبژاردەی عوممان تەنیا دڵخۆش بوون و پێدەکەنین، کاساس راهێنەرێکی ژیرە و دەزانێت چۆن مامەڵە بکات، بەشێوەیەک بەر لە یارییەکە یاریزانەکانی لە گوشار و پرسیاری رۆژنامەڤانان دوورخستەوە، ئەمەش وایکرد تیپەکە لەنێو کەش و هەوایەکی خۆش بمێنێتەوە. 
 
هەڵبژاردەی عێراق تێکەڵەیەک لە یاریزانی ناوخۆیی خولەکانی عێراق و ئەستێرە پیشەگەرەکانی هەن، لایەنێکی دیکەی رکابەریکردنیان گونجانی پێکهاتەکەیە و هەمووان لە رووی تەکتیکییەوە ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی تەواو جێبەجێدەکەن.
 
یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە خاڵێکی دیکەی رکابەری عێراقە، پێموایە هەر هەڵبژاردەیەک بێتە بەسرە و بەرامبەر عێراق یاریبکات ناتوانێت بباتەوە، هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەک هانی تیپەکەیان دەدەن تووشی سەرسوڕمانیان کردم، عەشقی عێراقییەکان بۆ هەڵبژاردەکەیان بەشێوەیەکە یاریزانانی عێراق دۆڕانیان پێ قبوڵ ناکرێت و دەجەنگن لەپێناو دڵخۆشکردنی هاندەرەکانیان، بەدرێژایی 90 خولەکی یارییەکە شەست و پێنج هەزار هاندەر تەواوی یاریگا دەهەژێنن و تیپی میوان تووشی شێوان و ترس دەکەن.
 
دوو رۆژ لەنێو شەقام و یاریگە و هەموو کوچەیەکی شاری بەسرە بووم، نزیکەی هەزار هاندەری عومانی هاتبوون بۆ هاندانی تیپەکەیان، بەر لە یارییەکە هەستم بە ترسێکی گەورە لە دڵیان کرد، بەئاشکرا باسی بەهێزی هەڵبژاردەی عێراق و هاندەرانیان کرد، ئەوان بە یەکسانبوون لە یارییەکە و وەرگرتنی خاڵێک سوپاسگوزاربوون، ئەوەشیان بۆ باسکردم کە خەڵکی بەسرە زۆر رێزییان دەگرن. 
 
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و یونس مەحموودی جێگری کە پێشتر لە رۆژانی زێڕینی هەڵبژاردەکەیان وەک یاریزان یارییانکردووە، وەک باوک و برایەکی گەورە بەردەوام لەنێو یاریزانانی هەڵبژاردەکەیانن و هێندە وزەبەخشن یاریزانان لەگەڵ بینی ئەوان مۆڕاڵیان بەرز دەبێتەوە. 
 
پاڵپشتییەکی کراوەی دارایی و دەروونی لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەڵبژاردەکە خاڵێکی دیکەی ئومێدبەخشە بۆ ئەوەی عێراق بۆ جاری دووەم لە مێژووی خۆیدا بگاتە یارییەکانی مۆندیال، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەر لە دوو هەفتە پێشوازی لە تیپەکە کرد و لەگەڵ ئەوەی لە یارییەکە ئامادەنەبوو، بەڵام نوێنەرانی خۆی ناردە شاری بەسرە و دوای یارییەکەش بە پەیوندی تەلەفۆنی پیرۆزبای لە هەڵبژاردەکە کرد، تەنانەت سوودانی هێندە هاوکاری تیپەکەیە دوێنێ شەو تەلەفۆنی بۆ ئەیمەن حوسێنی گۆڵكار کرد و پێیگوت کە رێگای گەیشتنیان بۆ مۆندیال ماوە و هیوای سەلامەتی بۆ خواست. 
 
کاتێک بە شەقامەکانی شاری بەسرە گوزەرم دەکرد، تێگەیشتم کە ئەم شارە دەیەوێت مێژوو بنووسێتەوە و لەم شارەوە دڵی ملیۆنان عێراقی خۆش بێت، لە بەسرە بوونی هەڵواسینی وێنەی یاریزانانی عێراق و دروشمی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ناونیشانی یەکەمی شەقامەکانە، بەشێوەیەک هەر هەڵبژاردەیەک بێتە دوایین شاری باشووری عێراق ئەو دیمەنی ململانێیەکی سەختی بۆ نمایش دەکەن. 
 
عێراق لەنێو یاریگەی بەسرە نازناوی جامی کەنداوی بەرزکردەوە، پارێزگاری ئەم شارە رژدە لەسەر ئەوەی دەبێت هەر لە بەسرە هەڵبژاردەکەیان بگاتە مۆندیال، لەم یارییەوە بڕیاردرا بەرپرسان بەبێ پاسەوان بچنە نێو یاریگە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی بوو لەسەر سەرکەوتنی میوانداری یارییەکە، دەتوانم بڵێم عێراق میواندارییەکی سەرکەوتووانەی نمایشکرد، تواندرا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو و بەبێ بوونی کێشە لە چوونە ژوورەوەی هاندەران و میوانانیان یارییەکە تەواو بکەن. 
 
شاری بەسرە دەیەوێت ببێتە شوێنی نووسینەوەی دەسکەوتەکانی تۆپی پێی عێراق، لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی سێیەمی ئاسیا زیاتر لە 63 هاندەر بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لە یاریگەی بەسرە ئامادەبوون، کە زۆرترین رێژەی ئامادەبوونی هاندەر بوو لەسەر ئاستی هەموو کیشوەری ئاسیا. 
 
کاتێک عێراق یاری لە بەسرە ئەنجامدەدات ژیان هەموو دەبێتە تۆپی پێ و عەشقێکی بێوینە بۆ شێرەکانی رافیدەین، باشە ئەوانەی درێسی عێراق دەپۆشن دەبینن هەزاران هاندەر وەستاون و لە پێشوازییان دان بۆ یاریگە، چۆن بۆ دڵخۆشکردنیان ناجەنگن. 
 
پلانی میوانداریکردنی جامی نەتەوەکانی ئاسیا نهێنییەکە ئەمجارە لە شاری بەسرە ئاشکرام کرد، جوڵەیەکی زۆری نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و جوانکردنی شارەکەم بینی، پارێزگار و خەڵکی شارەکە دەیانەوێت یەکێک بن لەو شارانەی بەربژێر بن بۆ میوانداریکردنی جامی ئاسیا.
 
لەشکرێک لە میدیاکارانی عێراقی هاتبوون بۆ رووماڵی یارییەکە و وەک هاندەر پاڵپشتی هەڵبژاردەکەیان دەکرد، رۆژی یارییەکە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی عێراق مانشێتی سەرەکییان سەرکەوتن و هەنگاونان بەرەو مۆندیال بوو، دەتوانم بڵێم هەموو بارودۆخەکان بۆ عێراق لەبارە و ئەمجارە دەتوانێت بەئاسانی بگاتە مۆندیالی 2026. 
 
وەک کوردێک شانازی بە یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی و ئوسامە رەشید دەکەم، کە سێ ئەستێرەی کوردن لە هەڵبژاردەی عێراق و لە یارییەکەدا لە پێکهاتەی سەرەکی یارییانکرد، ئەوکاتەی لیستی پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەم بینی قورگم پڕ گریان بوو لە خۆشی ئەوەی ئاستبەرزی یاریزانی کورد بەشێوەیەکە کاساسی راهێنەر تەواو بڕوای بە تواناکانیانە و ناوە گەورەکانی دیکەی کردبووە یەدەگی ئەوان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە