هانزی فلیک: واز لە ئۆلمۆ بێنن، کاتی لیڤایە

07-08-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک
A+ A-

رووداو دیجتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەبارەی گرێبەستکردنی یانەکەی لەگەڵ دانی ئۆلمۆ، یاریزانی لایپزیگی ئەڵمانی بدات. ئەو بەرۆژنامەنووسانی گوت، ئەمڕۆ رۆژی دوو گۆڵەکەی لیڤا بوو.
 
لە دوایین یاریی خۆیدا لە گەشتەکەی ئەمریکا، بارسێلۆنا پاش یەکسانبوون بەدوو گۆڵ لەگەڵ یانەی میلانی ئیتاڵی، بەلێدانی یەکلاکەرەوە دۆڕا. دوو گۆڵەکەی بارسێلۆنا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری یانەکە تۆماریکرد.
 
سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی یانەی بارسێلۆنا گرێبەستکردنی لەگەڵ ئۆلمۆ تەواوکردووە و لە چەند کاژێری داهاتوودا، پشکنینی پزیشکی لە بارسێلۆنا ئەنجامدەدات و دواتر پەیوەندی بەمەشقەکانی یانەکەوە دەکات.
 
فلیک لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا کە پرسیاریان لەبارەی هاتنی ئۆلمۆوە لێکرد، گوتی "ئەمە رۆژی باسکردنی دانی ئۆلمۆ نییە، ئەمە رۆژی دوو گۆڵەکەی لیڤاندۆڤسکییەک، ئەو زۆر تێکۆشا و شایستەی تۆمارکردنی گۆڵەکان بوو".
 
فلیک لەبارەی ئاستی تیپەکەیەوە لە یارییەکەی میلاندا، گوتی، لە گێمی دووەمدا ئاستمان باشتربوو و هەندێک شتمان گۆڕی، تیپەکەمان چڕ و باش یارییکردن، ئەوە ئەو شتەبوو کە دەمانویست، هەلی زیاترمان هەبوو.
 
راهێنەری بارسێلۆنا، ئەنجامی کۆتایی گەشتی یانەکەی بۆ ئەمریکا بەسەرکەوتوو ناوبرد و گوتی، "کۆی گەشتی ئامادەسازییەکە زۆر باشبوو، زۆر یاریزانی لاومان هەیە کە کوالیتییان بەرزە، هەندێکیان باش گونجان و گەشەیانکرد، ئێمە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین. ئێمە دەمانەوێت بەرگری و هێرشمان بەهێز بێت، دە رۆژمان ماوە بۆ دەستپێکردنی لالیگا، بەئاراستەی راستدا دەڕۆین، بەڵام دەکرێ باشتر ببین".
 
فلیک هەروەها دەلێ، "بارسێلۆنا یانەیەکی نایابە و چێژ لە هەموو چرکەیەک کارکردن لێرە وەردەگرم، پێشوازییەکەمان جوان بوو. کار لەسەر بیرۆکەکانمان دەکەین و دەمانەوێت ئەو تیپە بین لە خولەکی یەکەمەوە تاوەکو کۆتایی، راستڕێ دەکات".
 
بارسێلۆنا لە دوای گەشتەکەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و رۆژی 12ی ئەم مانگە لە جامی خوان گامبەر بەرامبەر مۆناکۆی فەرەنسی یارییدەکات و پاشان رۆژی 17ی مانگ یەکەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێی لالیگا بەرامبەر ڤالێنسیا ئەنجامدەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە