چارەنووسی مێسی یەکلایی دەبێتەوە

07-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە چەند کاژێری داهاتوودا چارەنووسی خۆی لەبارەی یارییکردن لە وەرزی داهاتوو یەکلادەکاتەوە.
 
مێسی لەپاش بەجیهێشتنی پاریس سانجێرمانەوە، تاوەکو ئێستا لە نێوان دەستەوارەی بارسا و دەستەوارەی هیلالی سعودیدا بڕیاری خۆی نەداوە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا گۆڕانکاریی دراماتیکی لەبارەی چارەنووسی مێسییەوە هاتنە ئاراوە، بەتایبەت پاشئەوەی دەستەی لالیگا بە پلانی بوژانەوەی دارایی بارسێلۆنا رازیبوو و باوکی مێسی لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنادا کۆبووەوە، بەبێئەوەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکرێ.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە کە مێسی لە ئان و ساتدا چارەنووسی خۆی یەکلادەکاتەوە، پاشئەوەی ماوەیەکی زۆر لە بیرکردنەوەدا بووە.
 
هەرچەندە بەرپرسانی بارسا و مێسی خۆیشی ویستی بەیەکگەیشتنەوەیان هەیە، بەڵام ئەو هەنگاوە بەر دۆخی خراپی دارایی بارسێلۆنا دەکەوێت، کە بابەتی گەڕانەوەی ئەو یاریزانەی ئاڵۆز کردووە.
 
بەپێی میدیای کەتەلۆنیا، بابەتی هەڵبژاردنی رووگەی داهاتووی مێسی پەیوەندی بەپارەوە نییە، چونکە ئەگەر بڕیارەکە بەدەست مێسی بێت، ئەو بەدڵنیاییەوە ئامادەی بەخۆڕایی یاریی بۆ بارسێلۆنا بکات، تەنانەت کەمترین مووچەش وەربگرێت کە 200 هەزار یۆرۆی ساڵانەیە.
 
بەڵام وەک رۆژنامەکە دەڵێ، "دەستەی لالیگا کێشەیە لەبەردەم گەڕانەوەی مێسیدا، چونکە لیژنەیەک هەیە کە ئەو مووچەیە دیاریی دەکات کە دەبێ لیۆ لە بارسێلۆنا وەریبگرێت، کە دەکاتە 25 ملیۆن، بەرامبەر بە 25٪ی دوایین مووچەی خۆی کە لە یانەکە وەریگرتووە".
 
جیا لە بارسێلۆنا، مێسی دەستەوارەی یانەی هیلالی سعودی بەدەستگەیشتووە کە میدیاکان دەڵێن سەرووی 400 ملیۆن یۆرۆیە بۆ ساڵێک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە