ڤیدیۆ؛ ئەمجارە کێ باڵۆن دۆر دەباتەوە؟

06-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
مێسی و هالاند
مێسی و هالاند
نیشانەکردن باڵۆن دۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەک هەموو ساڵانی دیکە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی لیستی کورتکراوەی 30 بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ ئاشکرا بکات و ئیدی جیهانی تۆپی پێ، دەکەوێتەوە نێو هەوای قسەکردن و گفتوگۆ و مشتومڕکردن لەسەرئەوەی کێ ئەمجارە باڵۆن دۆر دەباتەوە.
 
فرانس فوتبوڵ دواتر لیستی بەربژێرەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لە سێ کەسدا کورتدەکاتەوە، بەرلەوەی ئێوارەی رۆژی سی دەی ئەمساڵ، بەفەرمی براوەی خەڵاتەکە ئاشکرا بکات.
 
لیستی بەربژێرەکانی راگەیێنراوی ئەمشەو، پێشبینیکراوە چەندین یاریزان لە یانە و خولە جیاوازەکانی ئەوروپا تێدا بێت، بەڵام ئەو بەربژێرانە لە کاروانی سەرەڕێی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەدا تەنیا شانازیی ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە رۆژێک لە رۆژان ناویان لە لیستی سەرەتایی بردنەوەی خەڵاتەکەدا بووبێت، چونکە لە کۆتاییدا تەنیا یەک کەس نازناوەکە دەباتەوە.
 
باڵۆن دۆر کە ساڵانە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسییەوە دابەشدەکرێت، خەڵاتێکە بۆ دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی ساڵ و یەکەمجار ساڵی 1956 دابەشکرا و ئەوکات یەکەم براوەی خەڵاتەکە، ستانلی ماسیۆی ئینگلیزی بوو.. لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا شەست و شەش جار خەڵاتەکە دراوەتە یاریزانان و ئەستێرەکانی تۆپی پێ و دوا براوەی خەڵاتەکەش کەریم بنزیمای هێرشبەری پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی بوو، کە ئێستا لە یانەی ئیتیحادی سعودی یارییدەکات.
 
ئەوەی بۆ لیستەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێشبینیکراوە ئەوەیە کە ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانان ناویان دەهێنرێت، پێشبینیکراوە سی بەربژێرەکە چەندین یاریزانی لە هێڵە جیاوازەکانی یارییکردن تێدا بێت کە ساڵی رابردوو لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکانیان درەوشاونەتەوە و ئاستی بەرچاویان پێشکێشکردووە.
 
پێشبینیدەکرێت لیستی باڵۆن دۆری ئەمساڵ لەلایەن یاریزانانی یانەی مانچێستەر سیتییەوە کۆنترۆڵ بکرێت و زۆرترین یاریزانی ئەو یانەیە لە لیستەکەدا هەبن، پاشئەوەی ئەوان وەرزێکی ناوازەیان پێشکێشکرد و سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی ئەی ئێف کەپیان بردەوە.
 
هەموو جیهان پێشبینیدەکات بەربژێرانی یەکەم و دووەمی باڵۆن دۆری ئەمساڵ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتین و ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچێستەر سیتی بن، دوای ئەو دوو بەربژێرە سەرەکییە، مشتومڕەکە لەسەرئەوەیە ئاخۆ کیلیان ئێمباپێ کە لە یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەردا هاتریکی تۆمارکرد، بەڵام هەڵبژاردەکەی نازناوەکەی نەبردەوە، ناوی سێیەم لیستە کورتکراوەکە دەبێت، یان ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدریدی ئیسپانی کە وەرزی رابردوو ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکرد، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە