پاریس سانجێرمان چاوی لە ئەستێرەیەکی گەورەی پرێمەرلیگە

06-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پرێمەرلیگ پاریس سانجێرمان نیوکاسڵ یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی چاوی لە ئەستێرەیەکی گەورەی پرێمەرلیگە و دەتوانێت بە بڕە پارەیەکی کەم یاریزانەکە بگوازێتەوە. 
 
بە گوتەی مارسێلۆ بێچلێر، رۆژنامەڤانی باوەڕپێکراوی بەرازیلی، یانەی پاریس سانجێرمان چاوی لە تواناکانی برونۆ گیمارایش، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی نیوکاسڵ یونایتدە و دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەدا یاریزانەکە بگوازێتەوە.
 
گیمارایش لە هاوینی ساڵی 2022 بە بڕی 42.1 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لیۆنی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی نیوکاسڵەوە کرد، یاریزانەکە خاوەن جەستەیەکی پتەو و بەهێزە و سەرەڕای ئەوەش توانایەکی باشی لە پاسدان و بڕینی یاریزاندا هەیە.
 
گیمارایش بە یەكێک لە باشترین یاریزانی یانە ئینگلیزییەکە دادەنرێت و مەرجی شکاندنی گرێبەستەکەی 116 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بەپێی هەواڵەکان لە بەندێکی گرێبەستەکەدا هاتووە کە هەر یانەیەک بیەوێت پارەی شکاندنی گرێبەستەکە بدات دەتوانێت ئەو بڕە پارەیە بە سێ قیست بدات، واتا ئەگەر یانەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ یاریزانەکە رێکبکەوێت دەتوانێت لەم بازاڕی گواستنەوەیەدا تەنیا 38.6 ملیۆن یۆرۆ بە نیوکاسڵ بدات و لە داهاتوودا بە دوو جار بڕە پارەکەی دیکە بدات. 
 
سەرەڕای ئەوەش، بەڕێوبەری کارەکانی گیمارایش، جیلیانۆ بێرتولوچیـیە کە بە هەمان شێوە کارەکانی مارکینیۆسی کاپتنی پاریس سانجێرمان رادەپەڕێنێت، ئەمە جگە لەوەی لە ماوەی رابردوودا یارمەتی لوکاس بێرالدۆیدا لە پەیوەندیکردن بە یانە پاریسییەکەوە، ئەمەش ئەگەری پەیوەندیکردنی گیمارایش بە سانجێرمانەوە زیاتر دەکات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە