رووداو دیجیتاڵ
لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتیی یانەی ریال مەدرید، دوای دۆڕاندنەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بەڕووی ئەستێرەیەکی ریال مەدریددا دەتەقێتەوە و داوا لە کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەر دەکات لە پێکهاتەی سەرەکی دووربخاتەوە. ئەستێرە کرواتییەکە پێیوایە بوونی ئەم یاریزانە لە پێکهاتەکەدا دەبێتە هۆی وەرزێکی بێ نازناو بۆ مێرینگێ و داوای لێکردووە لەسەر کورسی یەدەگ بیهێڵێتەوە!.
کەشوهەوای نێو بێرنابیۆ دوای شکستەکەی بەرامبەر بیلباو گەرمتر دەبێت و لۆکا مۆدریچ سەرزەنشتی کیلیان ئێمباپێ دەکات و بەهۆکاری شکستی ریال مەدرید لەو یارییەدا لە یارییەکانی پێشوودا تۆمەتبار دەکات!
یانەی ئاتلێتیک بیلباو لە گەڕی 19ـی لالیگادا، کە یارییەکە بەهۆی جامی سوپەری ئیسپانیا پێشخراوە، میوانداریی یانەی ریال مەدریدی کرد و بەئەنجامی 2-1 شکستی پێهێنا.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، مۆدریچ نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خۆی بکات، و راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، بەقسەی تووند هێرشی کردووەتە سەر کیلیان ئێمباپێ، بەهۆی ئاستە کارەساتبارەکەی و دەڵێت "بەریەککەوتن لەنێوان مۆدریچ و ئێمباپێ دروستبووە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت "کارلۆ ئەنچێلۆتی هەوڵیداوە دۆخەکە هێور بکاتەوە، بەڵام لوکا پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لە سەرزەنشتکردنی کیلیان کردووە، و تەنانەت داوای دوورخستنەوەی دەستبەجێی کردووە لە پێکهاتەی سەرەکی".
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی دەستیکەوتوون، لۆکا مۆدریچ چاوەڕێی کۆتایی یارییەکەی نەکردووە و دەستیکردووە بەسووکایەتیکردن بە کیلیان ئێمباپێ.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مۆدریچ هەموو تۆمەتەکەی خستووەتە ئەستۆی کیلیان ئێمباپێ و بە بەرپرسیاری یەکەمی دۆڕانەکەی ریال مەدریدی داناوە و تەنانەت پێیوابووە کە هەر خۆی هۆکاری چەندین دۆڕانی دیکەی تیپەکە بووە کە لەم وەرزەدا تووشی بووە.
یاریزانە کرواتییەکە پێیوایە بەفیڕۆدانی هەلی ئاسان لەلایەن ئێمباپێ هۆکاری دۆڕانی یەک لەدوای یەکەکانی تیپەکە بووە، ئەمە جگە لەوەی دوو لێدانی سزای لەدەستداوە کە دەکرا ببنە هۆکاری ئەوەی ئەنجامەکان بەشێوەیەکی دیکە بن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لۆکا مۆدریچ بەشێوەیەکی زۆر تووند سەرزەنشتی ئەو ئەستێرە فەرەنسییەی کردووە، و ئەنچێلۆتی دەستوەردانی کردووە و دوو یاریزانەکەی لێک دوورخستووەتەوە، بەڵام لۆکا هەر سوور بووە لەسەر ئەوەی کە دەبێت لە ماوەی داهاتوودا راهێنەرەکە لە پێکهاتەی ریال مەدرید دووری بخاتەوە.
رۆژنامەکە لە کۆتاییدا راشیگەیاندووە کە کەشوهەوای نێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید باش نییە، و دەڵێت "پێدەچێت ئەنچێلۆتی کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕینی تیپەکەی لەدەستدابێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ