مۆندیالی 2030 لە 3 کیشوەر بەڕێوەدەچێت.. چۆن؟

05-10-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مۆندیالی خانمان 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بۆ جاری یەکەم دەبێت لە مێژوودا یارییەکانی مۆندیال لەسەر خاکی 3 کیشوەر بەڕێوەبچن، کە ئەوروپا، ئەفریقا وئەمریکای باشوورن. یارییەکان لە 6 وڵات بەڕێوەدەچن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دۆسێی مەغریب، پۆرتوگال و ئیسپانیا تاکە کاندیدە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئەو دۆسێیە مافی رێکخستنی مۆندیال بەدەستدەهێنێت.
 
پاشای مەغریب، شا محەممەدی شەشەم لە بەیاننامەیەکی دیوانی شاهانەدا، پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسپانیا و پۆرتوگال مافی رێکخستنی مۆندیالی 2030ـی بەدەستهێناوە.
 
لە درێژەی بەیاننامە شاهانەکەدا هاتووە "بڕیارەکە گوزارشت لە رێزلێنان و داننان بەو پێگە تایبەتە دەکات کە مەغریب لەنێو گەلاندا هەیەتی".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "مەغریب بە تەواوی پابەندە بە کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو دەزگایانەی بەرپرسی ئەم دۆسێیەن لە وڵاتانی میوانداردا".
 
مەغریب دەبێتە دووەم وڵاتی عەرەبی کە میوانداری مۆندیالی فیفا بکات، دوای قەتەر کە بەسەرکەوتوویی میوانداری مۆندیالی 2022 کرد".
 
ئەمە دەبێتە یەکەمجار مۆندیال لە سێ کیشوەر بەڕێوەبچێت. ئەمریکای باشوور، ئەوروپا و ئەفریقا، کە ئەمە پرسیارەکەیە و زۆر کەس لەبارەیەوە دەپرسێت؟
 
ماڵپەڕی فیفا بڵاویکردووەتەوە، ئۆرۆگوای، ئەرجەنتین و پاراگوای یارییەکانی یەکەمی خۆیان لە وڵاتەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش وەک یادکردنەوەیەک بۆ یادی 100 ساڵەی دەستپێکردنی یەکەمین مۆندیال کە لەو کیشوەرە و لە ئۆرگوای بەڕێوەچوو.
 
بەمشێوەیە 3 یاریی یەکەمی جامی جیهانی 2030 لە کیشوەری ئەمریکای باشوور بەڕێوەدەچێت، وەک ئەوەی 100 ساڵ لەمەوبەر روویدا، هەموو یارییەکانی دیکە لە هەر سێ وڵاتی میواندار، ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب ئەنجام دەدرێن.
 
مۆندیالی داهاتوو لە ساڵی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە