بەرپرسانی یانەی هەولێر لە رێگەی رووداوەوە باسی یاریی کۆتایی جامی عێراق دەکەن

05-08-2023
ئیحسان تاهیر
سەرۆک و کارگێڕانی یانەی هەولێر
سەرۆک و کارگێڕانی یانەی هەولێر
نیشانەکردن یانەی هەولێر یاریی کۆتایی جامی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی یانەی هەولێر، لەبارەی یاریی کۆتایی جامی عێراق، قسەیان بۆ رووداو کردووە و گەشبینن کە یانەکەی پایتەخت دەتوانێت جامەکە بباتەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 20:00 لەسەر یاریگەی شەعب لە بەغدا، هەردوو یانەی هەولێر و جەوییە لە یاریی کۆتایی جامی عێراقدا، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
دکتۆر وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە هەموو شتێکیان کردووە بۆ ئەوەی یاریزانەکان بە دەروونێکی ئارامەوە و بە باشترین ئامادەکارییەوە ئەو یارییە گرنگەیان ئەنجام بدەن.

 

دکتۆر وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر، هەروەها باسی لەوەش کرد کە هەموو یاریزانانی یانەکەیان بە تەنیا لە نێو هۆتێلدا دەمێننەوە و نایانەوێ کەس بە هیچ شێوەیەک بێزاریان بکات، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئامادەبن.
 
 
دیدار حامید، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، بۆ رووداو باسی لە گرنگی رۆڵی گۆڵپارێزان لەم یارییەدا کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەباشی ئامادەن، دەشڵێت راهێنەر "بڕیار دەدات کام گۆڵپارێز بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات، بەڵام ئەگەر یارییەکە بگاتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، ئەوکات لەوانەیە راهێنەر بڕیارێکی دیکەی هەبێت".
 
 
سەڵاحەدین سیامەند، یاریزانی بەنێوبانگی پێشووی یانەی هەولێر و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، دووپاتیکردەوە کە یانەی هەولێر موڵکی هەموو کوردستانە و بەدڵنیاییەوە هاندەرانی هەموو کوردستانیش وەک یانەی خۆیان سەیری هەولێر دەکەن و هانی یانەکەمان دەدەن".
 
 
دکتۆر تەها قادر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێریش، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "هاندەرانێکی زۆر لە هەولێرەوە ئامادەی یاریگەی شەعب دەبن بۆ هاندانی یانەی هەولێر، کە لە هەولێرەوە گەشت دەکەن". "ئەو گوتیشی "هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاندەرانمان دەکەین، بەڵام ناتوانین لە نرخی بلیت کەم بکەینەوە، بەو پێیەی کارەکە لەدەست یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە، ئەوان نرخی بلیت دیاری دەکەن، کە لە 10 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات، بەپێی شوێنی کورسییەکان دەگۆڕێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە