بارسا دەیەوێت ئەستێرەیەکی گەورە لەکۆڵ خۆی بکاتەوە

04-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بە هۆکارێکی سەیر رەنگە گرێبەستی ئەستێرەیەکی هەڵبوەشێنێتەوە و بەڕێی بکات. 
 
بەهۆی بەندێکی گرێبەستەکەی نێوانیان، یانەی بارسێلۆنا لەوانەیە لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا گرێبەستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی و یاریزانی یانەکە هەڵبوەشێنێتەوە. 
 
بارسێلۆنا بەردەوامە لە گەڕان بەدوای رێگەچارەی نوێدا بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و رزگاربوون لەو قەیرانە داراییەی تێیکەوتووە، یانەکە لە ماوەی رابردوودا بەمەبەستی کۆکردنەوەی داهات دەستیکرد بە فرۆشتنی چیمەن و کورسی یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو کە ئێستا لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە، بەڵام قەیرانەکانی بارسا لەوە گەورەترن بەوەندە چارەسەرببن، بەپێی دوایین هەواڵەکان یانەکە دەیەوێت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی خەرجییەکیانی کەمترکاتەوە. 
 
لیڤاندۆڤسکی لە ساڵی 2022 بە گرێبەستێك بە بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، سەرەتا لە وەرزی 2022/2023 لیڤا بڕی 8.6 ملیۆن پاوەندی وەك مووچە لە یانەکە وەردەگرت، بەڵام بەهۆی بەندێکی گرێبەستەکەی نێوانیان ئەم وەرزە مووچەی یاریزانەکە بۆ 11.2 ملیۆن پاوەند زیاددەبێت و وەرزی داهاتووش لیڤا بڕی 13.8 ملیۆن پاوەند لە یانەکە وەردەگرێت، دواتر لە کۆتا وەرزی یاریزانەکە مووچەکەی بۆ 11.2 ملیۆن پاوەند کەمدەبێتەوە.
 
ئەگەر هاتوو وەرزی داهاتوو لیڤا بەشداری لە کەمتر لە ٪55ـی یارییەکانی بارسێلۆنا بکات ئەوا یانەکە دەتوانێت لە کۆتایی وەرزەکەدا گرێبەستەکەی هەڵوەشێنێتەوە و بەمشێوەیەش یانەکە لە پێدانی بڕی 22.5 ملیۆن پاوەند رزگاری دەبێت کە ئەگەر وانەکات دەبێت ئەو بڕە پارەیە وەك مووچە بە یاریزانە پۆڵەندییەکە بدات تاوەکو کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکەی نێوانیان. 
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، وەرزی رابردوو پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە کرد و توانی لە یەکەم وەرزی خۆیدا نازناوی لالیگا بۆ یانەکە بەدەستبهێنێت، لەم وەرزەشدا لە 17 یاریدا توانیویەتی بەشداری لە 12 گۆڵ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە