ناکۆکییەکانی نێوان تێن هاگ و سانچۆ تەقینەوە

04-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد ئێریک تێن هاگ جادۆن سانچۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێشهاتی نوێ لە یانەی مانچێستەر یونایتد سەریهەڵداوە. شکستی تیپەکە بەرامبەر ئارسیناڵ، پەردەی لە رووی ناکۆکییەکی قووڵی نێوان راهێنەری یانەکە و جادۆن سانچۆ، هێرشبەری لاباڵی تیپەکەدا تەقاندەوە.
 
چی روویدا؟
 
دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆیە کە پێشتر بەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆدا هات، یان هەنگاوێکی دیکەی تێن هاگی راهێنەری مانچێستەر یونایتدە، کە دەیەوێت یانەکەی بخاتەوە سەر راستەڕێی نازناوەکان؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەمڕۆ سەریهەڵداوە، پاشئەوەی کێشەیەکی نوێ لە مانچێستەر یونایتد سەریهەڵدا.
 
مان یونایتد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئارسیناڵ، رووی لە لەندەن و یاریگەی ئیمارایتس کرد، بەر لە یارییەکە، راهێنەری یانەکە، بڕیاری دووخستنەوەی جادۆن سانچۆی هێرشبەری باڵی تیپەکەیدا.. دۆخەکە ئاسایی تێپەڕی، بەڵام مان یونایتد دووچاری شکستێکی گەورەبوو و بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕا.. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆ رۆژنامەڤانان بەشدارینەکردنی سانچۆ بوو لە یارییەکەدا، لەکاتێکدا یاریینەکردنی ئەو یاریزانە، کاریگەریی بەسەر ئاستی تیپەکەوە هەبوو.
 
دوای یارییەکە، لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا، تێن هاگ هۆکاری دوورخستنەوەکەی بۆ باش مەشقنەکردنی ئەو یاریزانە گێڕایەوە. تێن هاگ گوتی لە مانچێستەر یونایتد دەبێ هەموو رۆژێک ئاستی خۆت بەرەو پێش ببەی، ئێمە یاریزانی دیکەمان هەیە بۆ هێڵی پێشەوە و ئەومان بۆ یارییەکە نەهێنا.
 
وەڵامەکەی سانچۆ شۆکهێنەر بوو
 
قسەکانی تێن هاگ بەبێدەنگیی تێنەپەڕین، سانچۆ هەرزوو هاتە سەرهێڵ و لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی، "تکایە باوەڕە بە هەموو شتێک مەکەن کە دەیخوێننەوە، رێگەنادەم کەس لەبارەی منەوە قسەی ناڕاست بکات".
 
سانچۆ کە ساڵی 2021 لە بۆرووسیا دۆرتمۆندەوە پەیوەندی بە یونایتدەوە کردووە، نهێنی رووداوەکانی ئاشکرا کرد و گوتی، ئەم هەفتەیە زۆر باش مەشقم کردووە، هۆکاری دیکە هەبوون بۆ دوورخستنەوەم، بەڵام من باسی ئەو وردەکارییانە ناکەم.
 
سانچۆ کە 58 یاریی بەدرێسی مان یونایتدەوە کردووە و 9 گۆڵی تۆمارکردووە، زیاتر دەڵێ، "ماوەیەکی زۆرە من دەکرێمە قوربانیی، ئەمە شتێکی نادادوەرانەیە لە تۆپی پێدا".
 
فێردیناند پێشنیازی هەیە
 
بڵاوکراوەکەی سانچۆ، کاردانەوەی دیکەی بەدواداهات، رووداوەکانی زستانی پێشووی بیری هەمووان هێنایەوە کە تێیدا تێن هاگ لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەدا کەوتە کێشەوە و لەکۆتاییدا بەڕێکەوتن لەگەڵ یانەکە گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە، بەرلەوەی لە چاوپێکەوتنێکدا هەموو شت ئاشکرا بکات و هێرشی تووند بکاتە سەر یانەکە.
 
ریۆ فێردیناند کە یەکێکە لە ئەفسانەکانی پێشووی مان یونایتد، هەرزوو لەبارەی دۆخەکەوە قسەیکرد و رێگەی خۆدەربازکردنی بۆ سانچۆ دانا، ئەو دوو بژاردەی خستە بەردەم سانچۆ.. یان بەپەلە دۆزینەوەی دەرچەیەک لە خولی سعودیە بەرلەوەی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لەو وڵاتە دابخرێت، یان رازیبوون بە مانەوە لە یونایتد و مانەوە لەسەر کورسیی یەدەگ تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی ئەمساڵ.
 
پێشنیازەکانی فێردیناند، رێژەی قووڵیی کێشەکەی نێوان ئێریک و سانچۆی روونکردەوە و دەریخست ماوە بۆ لێکتێگەیشتن و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە نەماوەتەوە، هەربۆیە باشترین بژاردە چوونە دەرەوەی یاریزانەکەیە لە یونایتد.
 
مۆرگان داوای چاوپێکەوتن دەکات
 
لە تەنگژەکەی رۆناڵدۆدا لەگەڵ تێن هاگ، کریس لە رێگەی چاوپێکەوتنێکەوە لەگەڵ پیرس مۆرگانی رۆژنامەڤانی بەناوودەنگی بەریتانی، هێرشی تووندی کردە سەر تێن هاگ، ئەوکات رۆناڵدۆ گوتی، هیج رێزێکی بۆ بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەکانی ئەو راهێنەرە نییە.
 
مۆرگان لە دۆسێیەکەی سانچۆشدا هاتە سەر هێڵ و لە ریپلەی بڵاوکراوەکەی ئەو یاریزانەدا نووسی.. سڵاو گادۆن، وەرە بۆ بەرنامەکەی من و لە دۆزەی تێن هاگ رزگارت دەکەم.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە دوایین هەڵوەستەکان لەبارەی تێکچوونی پەیوەندی ئەو یاریزانە و راهێنەرەکەی بەکوێ دەگەن و هەڵوێستی یانەکە چییە.. بەڵام وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، پێناچێ ئومێدێک بەمانەوەی سانچۆ و بەردەوامبوون لەگەڵ مانچێستەر یونایتد مابێتەوە، بەڵام دیار نیییە ئەوە ئێستا دەبێت، یان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵ، یان هاوینی داهاتوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە