رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، بە گەشتێک لە سەنگاپورەیە و لە نزیکەوە چاوی بە وەرزشوانان و منداڵانی ئەو وڵاتە کەوت.
دۆن لەسەر داوای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە چووەتە سەنگاپورە و لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بەشداریی لە چالاکییەکی وەرزشیی یاریی بادلدا کرد، کە زیاتر لە 1000 کەس لە وەرزشوان و خۆبەخشەکانی ئەو وڵاتە ئامادەی ئەو چالاکییە بوون و رۆناڵدۆ لەکاتێکدا یاریزانی تۆپی پێیە، چەند نمایشێکی یارییەکەی ئەنجامدا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئەنجامدانی چەند نمایشێک، قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و گوتی "من حەزم لەو کارەیە کە دەیکەم، خولیای من یاریی تۆپی پێیە، چەندین ساڵە یاریی دەکەم، بەڵام هێشتا چێژ لە یارییکردن وەردەگرم، پاڵنەری سەرەکیش ئەوەیە کە خولیای یارییکردنم هەیە و دڵخۆشکردنی خەڵک و خێزانەکەشم ئامانجی سەرەکی منە، جگە لەوەش ئامانجی من ئەوەیە هەموو منداڵەکان دڵخۆشبکەم."

