رووداو دیجیتاڵ
رۆماریۆی ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل، ئاشکرایکردووە پەیوەندی خۆشەویستیی لەگەڵ ئالیسیا گۆمێز داناوە کە 30 ساڵ لەخۆی بچووکترە.
ئەو یاریزانە وازهێناوە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئەستێرەی درەوشاوەتەوە، لە دوای وازهێنانەوە بووەتە سیاسییەکی دیاری وڵاتەکەی و لە ساڵی 2010ەوە چووەتە نێو دونیای سیاسەتەوە دوای ئەندام پەرلەمانێتی، ئێستا پلەی سیناتۆری هەیە.
وێڕای سەرکەوتنی لە وەرزش و سیاسەتدا، لەماوەی رابردوودا ژیانی تایبەتی ئەو ئەستێرەیەی پێشووی سامبا کەوتە بەرچاوی میدیاکان، پاشئەوەی بڵاویانکردەوە لەگەڵ قوتابییەک بەناوی ئالیسیا گۆمێز، پەیوەندی سۆزداریی داناوە.
میدیاکان گوتویانە، ئالیسیا تەمەنی تەنیا 29 ساڵە و رۆماریۆ تەمەنی 59 ساڵە، بەڵام پەیوەندییەکی راستەقینەیان لەنێواندا دروستبووە. پاشئەوەی یەکەمجار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەرازیل لە ساڵی رابردوودا، یەکتریان بینیوە و ناسیووە.
میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردبوو، ئەو دووانەیە لە چەندین بۆنەی جیاوازدا یەکدییان بینیوە، لە نێویاندا چوونی هاوبەشیان بۆ فێستیڤاڵی 'رۆک ئاند ریۆ' لە مانگی دەی رابردوودا کە لەوێ رۆماریۆ، ئالیسیای بردبوو بۆ بینینی ئاهەنگی ماریا کاری.
دوو رۆژ دوای ئەو ئاهەنگە، ئالیسیا یەکێکبوو لەو 800 کەسەی بەشدارییان لە ئاهەنگی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رۆماریۆداکرد.
دەرکەوتنی ئاشکرای ئەو دووانەیە، وایکرد هەندێک گومان لە بوونی پەیوەندی لەنێوانیاندا بکەن، بەتایبەت پاشئەوەی ئالیسیا ئینستاگرامی خۆی لە پەبلیکەوە کردە داخراو، وەک ئاماژەیەک بۆ ویستی ئەو لەپێناو پاراستنی تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ رۆماریۆ.
رۆماریۆ لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، کەسێکی مشتومڕهەڵگرە، پەیوەندیی زۆری لەگەڵ ئافرەتاندا هەبووە. مانگی سێی ساڵی رابردوو، پەیوەندی لەگەڵ ماریا گیۆسینی تەمەن 34 ساڵ دانا، پاشئەوەی لە ئاهەنگێکی شەوانەدا لە ریۆ دی جانیێرۆ، ئەوی ناسی.
بەرلەوە رۆماریۆ پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ مارسیلی سیۆلین هەبوو کە 25 ساڵ لەخۆی بچووکتربوو و پەیوەندییەکە ماوەی حەوت مانگی خایاند.
رۆماریۆ باوکی شەش منداڵە لە پەیوەندییەکانی پێشووی، لەنێویاندا منداڵێک کە بەهۆی پەیوەندییەکی ناشەرعییەوە لەگەڵ خانمە ئەکتەرێکدا دروستبووە، لە کاتێکدا هاوژینی دانیێلی فافاتۆ هاوژینی دووەمی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ