ڤیدیۆ؛ لویس سوارێز بەگریانەوە وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا

03-09-2024
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
Photo by Eitan ABRAMOVICH / AFP
Photo by Eitan ABRAMOVICH / AFP
نیشانەکردن لویس سوارێز وازهێنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لویس سوارێز، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، بەگریانەوە وازهێنانی لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی راگەیاند، دوای بەسەربردنی کاروانێکی نایاب لەگەڵ یانەی سێلێستی.
 
لویس سوارێز، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی داهاتووی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کرد و رایگەیاند کە رازییە لەو کاتەی کە بە درێسی وڵاتەکەیەوە بەسەری بردووە.
 
سوارێز لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بەگریانەوە دەرکەوت لە کاتێکدا وازهێنانی لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای راگەیاند.
 
هەینی داهاتوو هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر پاراگوای میوانی خۆی یاری دەکات، دواتر لە 10ـی ئەیلوولدا لە هەمان پاڵاوتنەکاندا رووبەڕووی ڤێنزوێلا دەبێتەوە.
 
سوارێزی تەمەن 37 ساڵ، لە ساڵی 2007ـەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای یاریی کردووە، 142 یاری نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، 69 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لویس سوارێز، دووەم یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایە لە مێژوودا کە زۆرترین یاریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە، لە دوای دیێگۆ گۆدین کە 161 یاری نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.
 
لویس سوارێز، خاوەنی نازناوی گۆڵکاری هەموو کاتەکانی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایە، بە تۆمارکردنی 69 گۆڵ، کە بە 11 گۆڵ لەپێش ئیدینسۆن کاڤانی نزیکترین رکابەرییەوەیە.
 
سوارێز 16 یاری لە مۆندیالدا ئەنجامداوە لە 4 وەشاندا: 2010، 2014، 2018 و 2022 کە تیایاندا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستیشی هەیە.
 
ئەستێرە قاڵبووەکەی لە ساڵانی 2011 و 2019 و 2022 و 2024 بەشداری لە 4 وەشانی کۆپا ئەمریکادا کردووە.
 
پوختەی قسەکانی لویس سوارێز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا:
 
لە رۆژی هەینی.. بۆ من زۆر قورسە تەنانەت گوتنیشی قورسە، ئەمە دوایین یاری من دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم، بەڵام ئەمە شتێکە من هەر بیرم لێی دەکردەوە و دەمویست کاتێکی گونجاوی بۆ دیاری بکەم، ئێستا ئەو کاتە هات کە دوایین یاری خۆم بۆ هەڵبژاردەکەم بکەم، بەڵام هەوڵدەدەم هەمان چێژی لێ ببینم کە لەیەکەم یاری بینیم لە ساڵی 2007، بەهەمان ویستی جاران، بەو خەیاڵەی کە لە تەمەنی 19 ساڵی هەمبوو.
 
ئێستا تەمەنم 37 ساڵە، دەزانم کە زۆر قورسە بۆ من لە جامی جیهانی داهاتوو یاری بکەم، دەمەوێت خۆم وازبێنم و نەک پێکان ناچارم بکات، یانیش نەیانەوێت بانگهێشتم بکەن بۆ یاری هەڵبژاردەکەم، ئاوا زیاتر ئاسوودە دەبم، بۆ من قورسە ئەو هەنگاوە، بەڵام  من ئامادەم، بۆ من قورسە، چونکە بڕیارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام من هەموو شتێکم پێشکێش کردوو و قەد گەرم و گوڕیم کەمی نەکردووە تاوەکو ئەم ساتەش.
 
کە کۆپا ئەمریکا کۆتاییهات ئیدی هەستم کرد کە بەسە، ئەوە راستییەکە بوو، بەڵام دواتر گوتم کە دەتوانم زیاتر پێشکێش بکەم و زانیم کە راهێنەر پشتم پێدەبستێت، بەڵام من ویستم لەنێو خەڵکی خۆم و یاریگەی وڵاتی خۆم وازبێنم.
 
لەسەر ئاستی یانەکان نەخێر، دەمەوێت هەندێک زیاتر چێژی لێببینم، بەڵام من زۆر دڵخۆشم و زۆر چێژ دەبینم لە ئینتەرمەیامی، بەڵام دواتر نازانم داهاتوو چی هەڵگرتووەم و ئەممە روون نییە بۆ من، من نامەوێت ببم بە راهێنەر، بەڵام دەمەوێت هەر لە تۆپی پێ بەردەوام بم، چونکە حەزم لێیەتی.
 
ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم کە ئەمە، شانازیێەکی گەورەیە کە من گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەمم، کە من هەرگیز بڕوام نەدەکرد. لەگەڵ یاریزانی زۆر مەزن یاریم کرد، دەتوانم بڵێم من لەچەند مانگی داهاتوودا دووبارە دەبمەوە بە هاندەر و هەمیشە هیوای باشترین دەخوازم بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە