ئۆزێل کێشە بۆ بارسێلۆنا دروست دەکات

03-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مەسعود ئۆزێل یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە، مەسعود ئۆزێلی ئەڵمانی، ئامۆژگاری ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی یانەی فێنارباخچەی تورکی کردووە، پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە نەکات.
 
ئاردا گولەر، لەگەڵ فێنارباخچە درەوشایەوە و سەرنجی یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنای راکێشاوە، کە ئەو دوو یانەیە دەیانەوێت بیگوازنەوە و ئامادەن بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەن، کە 17.5 ملیۆن یۆرۆیە.
 
رۆژنامەکانی ئیسپانیا دووپاتیان کردووەتەوە کە مەسعود ئۆزێل، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید، بەمەبەستی ئامۆژگاریکردنی پەیوەندی بەو یاریزانەوە کردووە و زۆر حەزی لەوە بووە دەستەوارەی بارسێلۆنا رەتبکاتەوە و روو لە ریال مەدرید بکات.
 
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ فێنارباخچە و دانی بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی ئاردا گولەر، گەشتێکی بۆ تورکیا کرد.
 
ئەو سەرچاوانە پشتڕاستییان کردەوە کە ئۆزێل، هەوڵیداوە گولەر رازی بکات نەچێتە بارسێلۆنا و پێی راگەیاندووە کە دەبێت بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە لە تورکیا بمێنێتەوە و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دەستەوارانە بکات کە بۆی هاتوون، بۆ ئەوەی پەلە نەکات، و پێیگوتووە "تۆ بۆ ریال مەدرید گونجاوتری".
 
بڕیارە ئەو یاریزانە لە چەند کاژێری داهاتوودا بڕیاری کۆتایی خۆی بدات، پێش 4ـی تەممووز کە وادەی بەسەرچوونی بڕگەی مەرجی سزاییەکەیە، چونکە دواتر ناچار دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی دانوستاندنەکانی یانەکەی و ئەو یانەیە بکات کە دەیەوێ بیگوازێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە