رووداو دیجیتاڵ
یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئێنزۆ مارێسکا راگەیاند، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی مەشقدانەوەی یانەکە بکات.
چێڵسی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی، گرێبەستکردنی لەگەڵ راهێنەرە ئیتاڵییەکە راگەیاند و نووسیوویەتی " لە 1-7-2024ـەوە راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەستبەکاردەبێت و گرێبەستەکەی ماوەی پێنج ساڵە، جگە لەوەش بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵە."
لورانس ستیوارت و پۆڵ وینستانلی، بەڕێوەبەرانی وەرزشی یانەی چێڵسی، بەناوی یانەکەیانەوە بەخێرهاتنی مارێسکا دەکەن و دەڵێن "بەخێرهاتنی ئێنزۆ دەکەین بۆ چێڵسی، ئەو پێشانیداوە کە راهێنەرێکی بەتوانایە و دەتوانێت ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت."
خاوەنداریەتیی چێڵسی بەخێرهاتنی ئێنزۆ دەکات و دەڵێت دڵخۆشین ئەو یەکێک دەبێت لە ماڵباتی یانەی چێڵسی، هەموو پاڵپشتییەکی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئامانجەکانمان و بەدەستهێنانی ئەوەی لە توانادایە لە چەند ساڵی داهاتوودا."
لەلایەن خۆیەوە ئێنزۆ مارێسکا، لەبارەی وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی بە ماڵپەری یانەکەی گوت "هاتووم بۆ چێڵسی، بۆ یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان، ئەوە وەکو خەونێکە بۆ هەموو راهێنەرێک، بۆیە زۆر بەپەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵ ئەم یانەیە."
مارێسکا دەڵێت " لەگەڵ کۆمەڵەیەکی بەهرەمەند و زۆرباش کاردەکات، چ لە یاریزانان و ئەندامانی یانەکە، دەمانەوێت کاربکەین بۆ ئەوەی یانەکە پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت."
دەستنیشانکردنی ئێنزۆ مارێسکا، وەکو راهێنەری نوێی یانەی چێڵسی لەکاتێکدایە، ئەو راهێنەرە لەم وەرزەدا سەرکردایەتیی یانەی لێستەر سیتی کرد، بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنشیپ و گەڕاندنەوەی یانەکە بۆ پرێمەرلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ