چاڤی هێرش دەکاتە سەر ریال مەدرید

03-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەئاشکرا هێرشی کردە سەر ریال مەدرید و بەوە تۆمەتباری کرد کە لەلایەن ناوبژیوانانەوە یارمەتی دەدرێت، چاڤی هێرناندێزی راهێنەریش پشتیوانیی خۆی بۆ قسەکانی سەرۆکی یانەکەی راگەیاند و گوتی "کەسێکی نابیناش دەزانێت کە چی روودەدات".
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردەوە کە ناوبژیوانان لە ژێر کاریگەری رەخنەکانی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ریال مەدریددان، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی تاڕاددەیەک رکابەرییەکە بشێوێنرێت.
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس لە گەڕی 23ـی لالیگادا، گوتی "من گوتم کە من حەزم لە کاریگەری لەسەر ناوبژیوانان نییە، ئەوانیش هەموو هەفتەیەک ئەو کارە دەکەن، پێموایە ئەمە تاڕاددەیەک رکابەرییەکان دەشێوێنێت، ناوبژیوانەکان کاریگەرییان لەسەرە، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە دەیبینین".
 
راهێنەری بارسا دووپاتیشیکردەوە کە بەتەواوی لەگەڵ لێدوانەکانی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە هاوڕایە، و ئەو کلیپە ڤیدیۆییانەی لەم وەرزەدا لە تەلەڤزیۆنی ریال مەدرید سەبارەت بە ناوبژیوانان پەخش دەکرێن بە "شەرمەزارکەر" وەسفی کردن.
 
چاڤی زیاتر گوتی "ئەمە تەواوی کێبڕکێکە دەشێوێنێت، بەتەواوی کاریگەری لەسەریان دەبێت، ئەمە تەنانەت کەسێکی نابیناش دەیبینێت".
 
لە لایەکی دیکەوە چاڤی ئاماژەی بەوەدا کە ئاستی بارسا لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە، بەڵام متمانەی خۆی بە تواناکانی دەربڕی بۆ باشترکردن و رکابەریکردن لەسەر دوو نازناوەکەی دیکە، سەرەڕای سەختییەکەی.
 
چاڤی دانی بەوەدانا کە هەردوو یانەی ریال مەدرید و جیرۆنا باشترینی تاوەکو ئێستای لالیگان.
 
راهێنەری بارسێلۆنا، جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیاری جێهێشتنی بارسا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەهۆی گوشاری میدیا یان تەندروستی دەروونی نییە، بەڵکو بەهۆی پێویستی تیپەکەیە بۆ گۆڕانکاری.
 
کاتێک لەبارەی زۆریی پێکانی یاریزانەکانی پرسیاری لێکرا؟ چاڤی لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ تیپێکی ئەوروپی خشتەی یارییەکانی وەک بارسا لە مانگی یەکدا قورس نەبووە، بەهۆی زۆری گەشتەکانی و کەمی ماوەی پشوودان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە