پێکانەکەی ڤینیسیۆس 400 هەزار یۆرۆ بۆ ریال مەدرید دێنیت

03-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر فیفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ بەدەستهێنانی بڕی زیاتر 400 هەزار یۆرۆ لە فیفا، وەک قەرەبوویەک بۆ پێکانەکەی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی شاهانە.
 
ڤینیسیۆس مانگی یانزدەی ساڵی رابردوو، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە یارییەکەیان بەرامبەر کۆڵۆمبیا، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 تووشی پێکان بوو.
 
یارییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا، پێدەچێت شایەتحاڵی یەکەم دەرکەوتنەوەی ڤینیسیۆس بێت لە یاریگەدا دوای دوو مانگ دوورکەوتنەوە بەهۆی ئەو پێکانەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، یانەی ریال مەدرید بەبڕی 400 هەزار یۆرۆ قەرەبووی پیکانی ڤینی لە فیفا وەردەگرێت، ئەمەش بەگوێرەی رێساکانی پاراستنی یانەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەکانی هەڵبژاردەکان.
 
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، لە رێساکانی فیفا سەبارەت بە پێکانی یاریزانان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیاندا هاتووە کە یانەکان لەسەر بنەمای مووچەی دیاریکراوی یاریزانەکە قەرەبوو بکرێنەوە، لە ئەگەری پێکان لە کاتی یارییەکە و ئامادەنەبوون بۆ زیاتر لە 28 رۆژ لەسەریەک.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، فیفا تەنیا قەرەبووی ئەو یاریزانانە دەکاتەوە کە پێکرانیان دەبێتە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە زیاتر لە 28 رۆژ دووربکەوێتەوە.
 
فیفا قەرەبووی دارایی یانەکان دەداتەوە کە زۆرترین بڕی 7 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆیە و ئەو بڕە پارەیە لەسەر بنەمای قەرەبووی رۆژانە بە بڕی 20 هەزار و 548 یۆرۆ هەژماری بۆ دەکرێت، کە زۆرترین ماوەی 365 رۆژە.
 
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم هۆکارانە، بڕیارە ریال مەدرید نزیکەی 410 هەزار و 960 یۆرۆ وەربگرێت، کە دەکاتە قەرەبووی 20 رۆژ، چونکە ماوەی قەرەبووکردنەوەکە لە 14ـی کانوونی دووەمەوە دەستپێدەکات، ئەو رۆژەی کە ڤینیسیۆس 28 رۆژی دوورکەوتنەوە لە یاریگا تەواوکرد، تاوەکو دوێنێ 2ـی کانوونی دووەم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە