رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بەفربارینێکی زۆرەوە یارییەکی ئەم هەفتەیەی خولی ئەڵمانیا، لەنێوان هەردوو یانەی بایرن میونشن و یونیەن بەرلین دواخرا.
لە چەند رۆژی رابردووەوە پلەکانی گەرما لە میونشن روویان لە دابەزینکردووە و بەفرێکی زۆر باریووە، دوای ئەوەی لیژنەی بەڕێوەبردنی بوندێسلیگا لەگەڵ هەردوو یانەی بایرن میونشن و یونیەن بەرلین قسەیکرد، بڕیاردرا یاریی نێوان هەردوو یانە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ کاژێر 17:30 لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەبچێت بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
کریستیان درێسن، بەڕێوەبەری دارایی یانەی بایرن میونشن لەبارەی دواخستنی یارییەکەوە دەڵێت "بەداخەوە کە ناچارین بڕیاری دواخستنی یارییەکە بدەین، بەڵام سەلامەتی هاندەرانی ئێمە و یونیەن بەرلین لەپێش هەموو شتێکەوەیە، جگە لەوەش بەهۆی داخستنی بەشێکی زۆری رێگەکان نەبوونی گەرەنتی گەیشتن بە یاریگەی ئالیانز ئارێنا ئەم بڕیارە دراوە، بەزووترین کات وادەی نوێی یارییەکە رادەگەیێنین."
بایرن میونشن لە چەند رۆژی رابردوودا لەنێو بەفردا مەشقەکانی ئەنجامدەدا، لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە شەپۆڵێکی باران و بەفربارین رووی لە ئەڵمانیا کردووە، ئەمڕۆ پلەی گەرما لە میونشن 2- پلەی سیلیزییە و بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بڕیاردرا یارییەکە دوابخرێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەڵمانیا، یانەی بایرن میونشن پەیوەندیی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە کردووە بۆ ئەوەی هەرچی زووە وادەی نوێی یارییەکە دیاریبکەن، بەتایبەت کە یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا یاریی دەکات و نایەوێت خشتەی یارییەکانی ئاڵۆزببێت.
بایرن میونشن بەر لە ئەنجامی ئەم یارییە لە پلەی دووەمی ریزبەندی بوندێسلیگایە، یونیەن بەرلین پێچەوانەی وەرزی رابردوو ئەنجامەکانی خراپن و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ