راگەیێنراوی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لەسەر کارتە سوورەکەی ئەیمەن حوسێن

02-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەیمەن حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بەفەرمی لەسەر رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن و کارتە سوورەکەی ئەیمەن حوسێن هاتە دەنگ و راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە.
 
فیدراسیۆنەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "پرسیاری زۆرمان لەبارەی بڕیاری کردنە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن، یاریزانی ژمارە 18ـی هەڵبژاردەی عێراق پێگەیشتووە، کە لەلایەن عەلیرەزا فەغانی، ناوبژیوانی یارییەکەوە لە خولەکی 77 لە یارییەکانی قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن کە لە یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو کرایە دەرەوە."
 
فیدراسیۆنەکە دەڵێت "دەمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بە روونکردنەوەی تەواو و بەپێی یاساکانی یارییەکە و ئەو بنەمایانەی پەیوەندییان بە ناوبژیوانەوە هەیە."
 
بڕیارەکە لە یاریگەدا
 
کارتی زەردی یەکەم لە خولەکی 3ـی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەم بە یاریزانەکە دراوە، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ناڕەزایەتیی پێشانداوە چ بە زارەکی یان بە کردار، لە کاتێکدا کارتی زەردی دووەم لە خولەکی 77 بەرووی یاریزانەکەدا بەرزکراوەتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو (لە رادەبەدەر بەتەنیا گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگە دواخستووە)، بەمجۆرە کارتی سووری بەڕوودا بەرزکراوەتەوە کاتێک لە ئەنجامی سەرپێچیی دووە ئاگادارکرایەوە و شایستەی کارتەکە بوو.
 
روونکردنەوە و  پاساو بۆ بڕیارەکە

 
بەپێی یاساکانی یاریی لەلایەن ئەنجوومەنی یەکێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (IFAB)، بڕیاری پێدانی کارتی زەردی دووەم بە ئەیمەن حوسێن یاریزانی ژمارەی 18ـی هەڵبژاردەی عێراق لە خولەکی 77، بەپێی ماددەی 12، کە تایبەتە بە (سەرپێچی و هەڵسوکەوتی نادروست، درەنگ گەڕانەوە بۆ یاری) پێی دراوە و دەبێت ناوبژیوان کارت بە رووی یاریزاندا بەرزبکاتەوە کاتێک درەنگ دەکەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ یارییەکە.
 
ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی بەرامبەر ئوردن کاتێک گۆڵی دووەمی لە خولەکی 75 تۆمارکرد، لە کاتی ئاهەنگگێڕاندا زۆر درەنگ گەڕایەوە نێو یاریگە، هەرچەند ناوبژیوان سێجار بە تووندی هۆشداریی دایە ئەو یاریزانە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو یاریگە، بەڵام یاریزانەکە گوێی بە هۆشدارییەکە نەدات، بۆیەش کارتی زەردی دووەمی بەروودا بەرزکرایەوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دووپاتیدەکاتەوە، کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن لەلایەن ناوبژیوانەکەوە بڕیارێکی دروستبوو و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، بەتووندی داوا لە هاندەران و میدیاکان و هەموو لایەک دەکات رێز لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان بگرن کە لە یاریگەدا دەیدەن.
 
کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن، لەو یارییەدا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و عێراقییەکان پێیانوایە عەلیرەزا فەغانی ناحەقیی بەرامبەر ئەوان کردووە و ئەو کارتە سوورە بووەتە هۆکاری دوورخستنەوەی هەڵبژاردەکەیان لە جامی ئاسیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە