مانچێستەر سیتی بەقورسی سزادرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ، سەپاندنی سزایەکی تووندی بەسەر یانەی مانچێستەر سیتیدا راگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی بنەمای یاساکانی دەستپێکردنی یاریی لە خولی پرێمەرلیگ.
 
دەستەکە رایگەیاندووە مانچێستەر سیتی 22 جار یاسایەکی دیاریکراوی پێشێلکردووە و بەهۆیەوە بەبڕی دوو ملیۆن پاوەند سزادراوە.
 
دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ، مانچێستەر سیتی رێنوێنی و یاساکانی تایبەت بەدەستپێکردنی یارییەکانی لەسەرەتای گێمی یەکەم و گێمی دووەمدا پێشێلکردووە.
 
وەکئەوەی دەستەکە ئاشکرایکردووە، مانچێستەر سیتی بەدرێژایی دوو وەرزی رابردوو، زۆرجار سەنتەرشکاندنی لەسەرەتای یارییەکان و سەرەتای گێمی دووەمدا پێشێلکردووە و دواکەوتووە لە جێبەجێکردنی دەستپێکی یارییەکاندا، هەربۆیە کۆی 2،09 ملیۆن پاوەند سزای لەسەر کەڵەکەبووە.
 
هەندێجکار دواکەوتنی یاریزانانی مانچێستەر سیتی لە سەنتەر شکاندنی سەرەتای یارییەکان، تەنیا 79 چرکە بووە، بەڵام ئەوە هەر بەلادان لە بنەماکانی دەستپێکردنی یاریی دادەنرێت و هەرجارێکیش ئەوە روویدابێت، یانەکە بە 100 هەزار پاوەند سزادراوە.
 
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ و یانەی مانچێستەر سیتی رێکەوتن لەبارەی ئەو سزایانەی دەکەوێتە سەر یانەکە بەهۆی پێشێلکردنی بنەماکانی پرێمەرلیگ لە بڕگەی ئێڵ.33 لە پەیوەستە بەبنەماکانی دەستپێکردنی یارییەکان".
 
هەروەها دەڵێ، "پێشێلکارییەکان پەیوەستن بەژمارەیەک یاری لە پرێمەرلیگ لە وەرزەکانی 2022 - 2023 و 2023 - 2024 و ئەو بنەمایانە هاوکارن بۆ دەستپێکردنی یارییەکان بەپێی بنەما پیشەییەکان و دڵنیابوونەوەی هاندەران و بەشداریی یانەکان".
 
هەروەها زیاتر دەڵێ، "هەروەها بنەماکان پابەندبوونی پەخشکردنی سەرجەم یارییەکانی پرێمەرلیگ لە وەرزێکدا دەگرێتەوە کە ژمارەیان 380 یارییە لە هەموو جیهاندا بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو. رێکەوتن لەگەڵ یانەکە بەڕەزامەندی سێ ئەندامی دەستەی سەربەخۆی یاسایی پەسندکران".
 
مانچێستەر سیتی لە چوار وەرزی رابردوودا پاڵەوانی خولی پرێمەرلیگ بووە و بۆ وەرزی داهاتووش، یانەکە بەربژێری سەرەکییە لە بەدەستهێنانەوەی نازناوەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە