قوباد تاڵەبانی: هەڵەبجەی شەهید سیمبۆلی ژیانەوەی هیواكانی گەلی كوردە
رووداو- هەڵەبجە
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدی كرد و رایگەیاند: "هەڵەبجەی شەهید سیمبۆلی ژیانەوەی هیواكانی گەلی كوردە و لەسەرمانە وەك حكومەت هەمیشە سەردانی ئەو پارێزگایە بكەین، نەك تەنیا لەو یادە كارەسات بارەدا".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە 15-3-2016 سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەلایەن پارێزگار و بەرپرسە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجەوە پێشوازی لێكرا.
بەپێی میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە کە"هاتووین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەم شارەبین، لە كاتێكدا كە سبەینێ 16-3 یادی بیست و هەشت ساڵەی كیمیابارانكردن و شەهیدكردنی ئەم شارەیە".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە کە"ئەركی سەرشانمانە خزمەتی زیاتر بەم شارە بگەیێنین وە بەدەم داواكاری و پێداویستییەكانی بین، چونكە بەڕاستی خەڵكی ئەم شارە شایستەی ئەوەن كە هەمیشە لە خزمەتیاندا بین، هەڵەبجە جێگەی شانازیە بۆ گەلی كورد."
قوباد تاڵەبانی بەئاماژەدان بەوەی، هەڵەبجەی شەهید سیمبۆلی ژیانەوەی هیواكانی گەلی كوردە، بەوەی دوای كیمیاباران و شەهیدكردنی ئەوەتا دەیبینین رۆژ بە رۆژ دەگەشێتەوە، گوتی"بەڵام برینی هەڵەبجە نەساڕێژ دەبێت و نە لەبیر دەكرێت، بەهیچ بەهایەكیش قەرەبوو ناكرێتەوە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەسەرمانە وەك حكومەت هەمیشە سەردانی ئەو پارێزگایە بكەین، نەك تەنیا لەو یادە كارەسات بارەدا، ئێمە بەشداریی خەمەكانی خەڵكی ئەم شارەین لە هەركوێ بین، بۆیە لام گرنگ نیە كام رۆژ و كام كات سەردانی بكەم، ئەوە گرنگە بەلامەوە كە بتوانم خزمەتێك بەم شارە بكەم".
هەر بەپێی میدیاکانی یەکێتی و لەمیانی سەردانەكەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران چاویكەوت بە (بەرزان و ئەعزەم)كە دوو لەونبووانی كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەن کە لەم دواییانەدا دۆزراونەتەوە.
قوباد تاڵەبانی لە دیدارەکەدا هیوای خواست بەوەی لە نزیكترین كاتدا بە كەسوكاری خۆیان شادببنەوەو ژیانێكی ئاسودە بەسەربەرن و رایگەیاند: "وەكو حكومەت هاوكاردەبین بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەكانی دیکە و گێڕانەوەیان و ئاشناكردنیان بە خێزانەكانیان".
جێگری سەرۆکوەزیران هەروەها سوپاسی ئەو خانەوادانەی كرد كە لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە لە ساڵی 1988 خزمەتی منداڵە ونبووەكانیان كردووە .
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدرێژەی سەردانەکی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، سەردانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد لە ماڵی شەهید عومەری خاوەر.
بەپێیی میدیاکانی یەکێتی، لە كۆبونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ئەرك و كارەكانی ئەم كۆمەڵەیەی كردووە و داوای لێكردون بەردەوام بن لەکارەکانیان وەك هاوكارێك بۆ حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی حكومەتیش لای خۆیەوە بتوانێت خزمەتێك بەكەسوكاری قوربانیان بگەیێنێت بە شێوەیەكی دادپەروەرانە.
لە كۆتاییدا كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە خەڵاتی تایبەتی خۆیان بەخشیە قوباد تاڵەبانی "بۆ هەوڵەكانی لە پێناو كەسوكاری قوربانیانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید".
سوپای عێراق لە 14ی ئاداری 1988دا هێرشێکی تازەی بەربڵاوی بۆ سەر هەڵەبجە و دەورووبەری دەستپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ هەموو ئەم ناوچەیەی تۆپباران کرد. لە کاژێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی 16ی ئادار هێزی ئاسمانی حکومەتی ئەوکاتەی عێراق شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆمباران کرد.
بە پێی ئەو ئامارانەی کە هیچکات نەیانتوانی روپێوی هەموو کارەساتەکە بکەن، زیاتر لە 5 هەزار کەس دوایین هەناسەی ژیانیان بە گازی کیمیاییەوە هەڵکێشا و کتوپڕ گیانیان لەدەستدا و پتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار کەوتن.