هەڵەبجە وەک خۆی

16-03-2013
ناسر پیرۆتی
نیشانەکردن هەڵەبجە
A+ A-
رووداو- هەولێر

قەزای هەڵەبجە بە رووبەری 1599 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە پارێزگای سلێمانی و لە 83 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی ناوەندی ئەم پارێزگایە - شاری سلێمانی- هەڵکەوتووە و لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان سنووری هاوبەشی هەیە.
 
هه‌ندێک شوێنه‌وارى كۆن و نووسینی مێژویی ده‌ریده‌خەن كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بە درێژایی مێژووی ناوچە‌كه‌ مه‌ڵبه‌ندى ژیان بووه، به‌ڵام چه‌ندین جار لە لایەن دەوڵەتەکانی زاڵ بەسەر ئەم ناوچەیدا وێران كراوه‌. دوایین جار له‌ ده‌وروبه‌رى ساڵى 1650 دا ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌ و خەڵکی تێدا نیشتەجێ بووە.

له‌ساڵی‌ 1889 بووه‌ته‌ قه‌زا و ئێستا چوار ناحیە (ناوەندی هەڵەبجە، سیروان، خورماڵ، بیارە) لەخۆ دەگرێت. زۆریەک لە نووسەر، شاعیر و ئەدیبانی گەورەی کوردی وەکوو مەولەوی، نالی، گۆران، قانع و زۆری دیکە لە سنووری هەڵەبجە هەڵکەوتوون و لێی ژیاون.

کاریگەری لە قۆناخە جیاوازەکانی شۆڕشی کورددا بەرچاوە و بە هۆی هەلومەرجی ئەم ناوچەیە پێگە و پەناگای شۆڕش و شۆڕشگێران بووە. هەر بۆیەش لە سەردەمی رژێمی بەعسدا زۆر جار پەلامار دراوە و تۆپباران و بۆمباران کراوە.

لە کۆتاییەکانی شەڕی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، رژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر. لە ئاستی جیهانییدا ئەمە یەکەمین جار بوو کە دەوڵەتێک ناوچەیەک کیمیایی باران بکات کە ئەم ناوچەیە لە چوارچێوەی جوگرافیایی خۆی دابێ.



بۆمبارانی کیمیایی

سوپای عێراق لە 14ی ئاداری 1988دا هێرشێکی تازەی بەربڵاوی بۆ سەر هەڵەبجە و دەوروبەری دەستپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ هەموو ئەم ناوچەیەی تۆپباران کرد. لە کاژێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی 16ی ئادار هێزی ئاسمانی حکومەتی ئەوکاتەی عێراق شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆمباران کرد. چەکێک کە بەکارهێنانی قەدەخە بوو و دەوڵەتی عێڕاقیش یەکێک لەو 120 وڵاتە بوو کە پەیماننامەی جنێڤ-ی بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی واژۆ کردبوو.

 زیاتر لە 20 فرۆکەی شەڕکەری جۆری میگز و میراگزی هێزی ئاسمانی عێراق بۆ هێرش بۆسەر هەڵەبجە کەڵکیان لێ وەرگیرا. لەم هێرشەدا تەنیا یەک فرۆکەوان (بە رەچەڵەک تورکمان) فه‌رمانی بۆمبارانەکەی جێبەجێ نەکرد و هەر بەم هۆیەشەوە دواتر لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە سێدارەدرا.




شایەتحاڵانی بۆمبارانکردنی هەڵەبجە لەبارەی ئەم کارەساتە لەو کاتدا بە هەواڵدەری BBCیان راگەیاندووە "لە رۆژی چوارشەممە، زیاتر لە 20 فرۆکە لە دوو گرووپدا ئەم شارەیان بۆمباران کرد کە به‌ بۆمبارانێکی ئاسایی نەدەچوو. بۆمبەکانی دوکەڵیان لێ هەڵدەستا و پاش بۆمبارانکردنەکە پەڵە هەورێکی دووکەڵاوی بە رەنگی رەش و سپی و زەرد کۆڵەکەیەکی بەرزی نزیک 50 مەتری پێکهێنا و بۆنی گاز ناوچەکەی داگرت. بۆنێک کە وەکوو بۆنی سیر دەچوو".

ئەو شایەتحاڵانە هەروەها گوتویانە "بۆمبارانەکە لەسەر ناوەندی شار و رێگاکانی هاتووچۆ چڕ ببۆوە. لە ناوەندی شار کە شوێنێکی قەرەباڵخ بوو و خەڵک لەوێدا کۆببوونەوە و هەروەها بۆ ئەوەی کە پێش بە دەرچوونی خەڵکەکە بگرن رێگاکانی هاتنەژوور و چوونەدەرەوەشیان بۆمبارانکرد". 

ئەو گازە کیمیاییانەی کە لەم کارەساتەدا بەکارهاتن بریتی بوون لە "ڤی ئیکس، سارین، تابۆن و خەردەل" کە کاریگەری لەسەر مێشک، دەروون، هەناسەکێشان، بینایی و پێست دەبێت.

شایەتحاڵەکان لە بارەی چۆنییەتی کاریگەری گازی کیمیایی لەسەر قوربانییەکان ئاماژەیان بەمە داوە "خەڵکێکی زۆر بە بۆنی ئەم چەکانی هەناسەی بۆ هەڵنەدەکێشرا و دەکەوتنە سەر زەوی. هەندێکی‌ دیكه‌ لە قوربانییەکان جلەکانیان دەدڕی و پێدەکەنین و دواتر دەکەوتن و گیانیان لە دەست دەدا".

ئەو وێنە و فیلمانەی کە لەو کارەساتەدا گیراون پێشانی دەدەن کە چۆن خەڵک لە ناو و حەوشەی ماڵەکانیان، کۆڵان و شەقامەکان و ناو بازاڕ کەوتوونەتە سەر زەوی. هەندێکیان ویستوویانە دوور بکەونەوە بەڵام لەسەر ئۆتۆمبیلەکانیان گیانیان لە دەستداوە.


رێژەی قوربانییەکان


کاتێک هەڵەبجە بۆمبارانکرا خەڵکێکی مەدەنی لێ دەژیا کە نە شارەزاییان لە بارەی چەکی کیمیاییەوە هەبووه‌ و نە دەیانزانی چۆن خۆیان لە بەرامبەر ئەو چەکانەدا بپارێزن و هەروەها هیچ کەرەستەیەکی تەندروستییان نەبوو کە پێشی پێ بگرن.

  بە پێی ئامارەکان بەر لە بۆمباران نزیکەی 70 هەزار کەس لەو شارەدا دەژیان. دیارە بەشێکیان پێشتر زێدی خۆیان جێ هێشتبوو و ئاوارە ببوون، بۆیە دیار نییە کە لە کاتی بۆمبارانەکەدا چەند کەس لە نێو شارەکەدا بوونە.


بە پێی ئەو ئامارانەی کە هیچکات نەیانتوانی روپێوی هەموو کارەساتەکە بکەن، زیاتر لە 5 هەزار کەس دوایین هەناسەی ژیانیان بە گازی کیمیاییەوە هەڵکێشا و کتوپڕ گیانیان لەدەستدا و پتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار کەوتن. بریندارەکانیش تووشی نەخۆشی مێشکی، دەروونی، هەناسەکێشان، بینایی و پێست بوون و ژمارەیەک لەوانیش دواتر بە هۆی کاریگەری گازی کیمیاییەوە گیانیان لەدەستدا. گازی کیمیایی هەروەها تا ماوەیەکی زۆر کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی بەرکەوتوو دەمێنیتەوە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی بۆ نەوەکانیان دەگوازرێتەوە.

رێژەیەکی بەرچاو لە قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە ژن و منداڵ بوون. بە پێی ئەو ئامارانەی کە ئەو کات بڵاو کرانەوە دەوروبەری 75% قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون.
هەڵەبجە نە بنکەیەکی تەندروستی لێ بوو کە بکرێ بریندارەکان پەنای بۆ ببەن و لێی دەرمان بکرێن و نە دەیانتوانی بەرەو شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق بچن. پسپۆر و شارەزای تەندروستی لێ نەبوو کە بە خەڵکی بریندار رابگا و کەرەستەی پێویست بۆ راگواستنی بریندارەکان لە بەردەستدا نەبوو. ئەوانەی توانای رێ رۆیشتنیان هەبوو بریندارەکانیان بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران راگواست و لەوێش لەو کەمپانەی کە بۆیان تەرخانکرا نیشتەجێ بوون و بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی پشکنینیان بۆ کرا و دەرمانیان کردن.

بەشێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کە برینەکەیان قورس بوو بۆ نەخۆشخانەکانی ئێران بەڕی کران بۆ ئەوەی کە چارەسەری باشتریان بۆ بکرێ. زۆریەک لە نەخۆشەکان چارەسەری یەکجارییان بۆ نەکرا و ئەم نەخۆشیە هاوڕێی هەمیشەییانە.

زۆریەک لە منداڵانی ساوای هەڵەبجە لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە نەخۆشخانەکاندا بە بێ کەس و کار مانەوە و لە نێو ناوەندەکانی راگرتنی منداڵانی بێ کەس و کار و یا لە لای ئەو خێزانانەی کە بە دڵخواز منداڵیان لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانەوە وەردەگرت، گەورە بوون. لەم ساڵانەدا هەندێک لەو منداڵانە کە بە رابردووی خۆیان زانیوە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.


 هۆکارەکان


بێ گومان هەڵەبجە بە هەڵکەوت بۆ ئەم کۆمەڵکوژییە هەڵنەبژێردرا. ئەم کۆمەڵکوژییە لە کاتێکدا بوو کە رژێمی بەعس بە ناوی "ئەنفاڵ" گەڵاڵەی بۆ پاكتاوی نەتەوەیی و نەژادی خەڵکی کوردستان دارشتبوو و بەڕێوەی دەبرد. 

بۆمبارانکردنی هەڵەبجەش درێژە پێدانی ئەم بەرنامەیە بوو. بەرفراوان بوونی خەباتی نەتەوەیی و جوڵەی جەماوەری لە باشووری کوردستان مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر دەسەڵاتی رژێمی بەعس.

رژێمی بەعس رۆژ بە رۆژ بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان رێگە و ئامرازی نوێی تاقی دەکردنەوە و چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژیی وەک دوایین رێگەچارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لەکار کرد.

هاوکات لەگەڵ ئەمەش، شەڕی درێژخایەنی رژێمی بەعس لەگەڵ ئێران لە زۆر بوارەوە بڕستی لێ بڕیبوو و توانای درێژە پێدانی شەڕی نەمابوو و دەیەویست هەر چییەک کە لە هه‌گبه‌ی دایە بیخاتەڕوو بۆ ئەوەی کە ئێرانییەکان ناچار بکات بە راگرتنی شەڕ رازی بن و لە لایەکی‌ دیكه‌ دەیویست پێشانی بدا کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە هەموو کەرەستەیەک و تەنانەت چەکی کیمیاییش کەڵک وەردەگرێ. لەم ناوەدا خەڵکی کوردستانی لە هەردوو بەشی باشوور و رۆژهەڵات کردە ئامانج.


 کۆمەڵگای نێودەوڵەتی


رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی بیانی لە‌کاتی ئەنجامدانی کارەساتی هەڵەبجەدا بێ دەنگیان هەڵبژارد. لەبەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا بە دژی دەوڵەتی ئەوکاتی عێراق هیچ هەڵوێستێکیان نەگرت و پشتگیریان لە خەڵکی کوردستان نەکرد.

تەنیا بە هەوڵی رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و کۆڕ و کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی وڵاتانی دەرەوە ئەم کارەساتە لە میدیاکانی جیهانیدا دەنگی دایەوە و تا رادەیەک رای گشتی لێ ئاگادار کرایەوە.

بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە، لە ساڵی 2003 لە سه‌روبه‌ندی هێرشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عێراق و رووخاندنی رێژیمی بەعس لە لایەن ئەم وڵاتانەوە هاتە بەر باس و یەکێک لە تاوانەکانی رژێمی بەعس ناویان برد کە رەنگە دووبارەی کاتەوە.

دوای رووخانی رێژیمی بەعس و دادگایی کردنی بەرپرسەکانی، پرسی بە جینۆسایدناسینی تاوانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە لە وڵاتانی ئه‌وروپایی کەوتە بەر باس. لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال لە لایەن پەرلەمانی وڵاتانی نەرویج، سوید و بریتانیا بە جینۆساید ناسراوە. 

بە جینۆساید ناسینی تاوانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە لە ئاستی جیهاندا گرنگی زۆری هەیە، وەکوو ئەوەی کە بیر و رای گشتی جیهانی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگادار دەبنەوە لە راستییەکانی ئەو کارەساتانەی بە تایبەت لە سەدەی رابردوودا بەسەر خەڵکی کوردستان هاتوون و شێوازێکی فەرمی بەخۆی دەگرێ و لایەنی یاسایی پشتگیری دەکات. ئەمەش دەتوانێ پشتیوانی جیهانی بۆ پرسی کوردی بەدواوە بێ و رێگری بکات لەبەردەوامی و روونەدانەوەی کردەوەی لەم شێوەییە و ئەم مافە بە کورد دەدات لە حاڵەتێکدا هەڕەشەیەکی لەم شێوەییەی لەسەر بێ داوای یارمەتی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات.


دادگایی کردنی تاوانباران


لە دوای روخانی رژێمی بەعس پرسی دادگایی کردنی تاوانبارەکان و بە جینۆسایدناسینی ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کورد لە باشووری کوردستاندا هاتووە، کەوتە بەر باس و لایەنی مەدەنی و حکومەتی بەدواداچونیان بۆ ئەم پرسە کرد.

یەکەم کەس کە لەم بارەوە درایە دادگا، بازرگانێکی هۆڵەندا بوو کە کەرەستەی دروستکردنی چەکی کیمیایی بە رژێمی بەعس فرۆشتبوو درایە دادگا. لە 22 ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2005 دادگای باڵای شاری (دانهاخ)ی هۆڵەندا سزای 15 ساڵ بەندیخانەی بەسەر بازرگانێکی ئەم وڵاتە بە ناوی (فرانس ڤان ئەنرات) دا. خەڵکی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات پێشوازیان لەم بڕیارەی دادگای هۆڵەندا کرد.

دواتر، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە 2010/2/28 عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی وەکو بکەری سەرەکی بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە بە لەسێدارەدان حوکمدا و سزای 15 ساڵ زیندانی کردنی بەسەر وەزیری پێشووی بەرگری سەپاند و کارەساتی هەڵەبجەی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی ناساند.

دوای دەرکردنی ئەم بڕیارە، وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە دادگا کرد کە کارەساتی هەڵەبجە‌ نەک بە تاوان دژی مرۆڤایەتی بەڵکوو بە جینۆساید بناسرێ و دادگای پێداچوونەوە لە 1ی ئاداری 2010 ئەم داواکارییەی پەسند کرد.

لەسەر داوای نوێنەرانی کورد، پەرلەمانی عێراق لە 15ی ئاداری 2011 تاوانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناسی. ئەمەش لە نێوخۆی عێراق لایەنی یاسایی بەخشییە کەیسی هەڵه‌بجە. لە لایەک دەوڵەتی عێراق دەبێ بە فەرمی داوای لێبوردن بکا و هەروەها قەرەبووی قوربانیان و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بکاتەوە. 

لەو وڵاتانەی کە زامی کارەساتی کیمیاییان بە جەستەی خۆیانەوە بینیوە، پەرلەمانی ئەم وڵاتە رۆژێکی سەمبۆلیک وەکوو رۆژی قەدەخەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دیاری دەکات بەڵام تا وه‌كو ئێستا لە پەرلەمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رۆژێک بەم ناوە دیاری نەکراوە.

زیاتر لە 20 فرۆکەی شەڕکەری جۆری میگز و میراگزی هێزی ئاسمانی عێراق بۆ هێرش بۆسەر هەڵەبجە کەڵکیان لێ وەرگیرا. لەم هێرشەدا تەنیا یەک فرۆکەوان (بە رەچەڵەک تورکمان) فه‌رمانی بۆمبارانەکەی جێبەجێ نەکرد و هەر بەم هۆیەشەوە دواتر لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە سێدارەدرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە