کوردستانی نوێ هێرشدەکاتە سەر رۆژنامەنووسێکی رووداو

رووداو- هەولێر

ئەمڕۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ ئۆرگانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تووندی وەڵامی رۆژنامەنووسێکی تۆڕی میدیایی رووداوی داوەتەوە.

رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممە 10.12.203 ژمارە 6253، لە ژێر ناونیشانی "دار له‌كونی زه‌رده‌واڵه‌ی كه‌یسه‌كان وه‌رمه‌ده‌"، وەڵامێکی تووندی وتارێکی رێبوار کەریم وەلی دەدەنەوە، کە لە ژمارە 288ـی هەفتەنامەی رووداو، بە ناونیشانی "یەکێتی شارەزای گوندەکەی نەماوە؟" بڵاوکرابووەوە.

لە بەشێکی وەڵامەکەی کوردستانی نوێدا هاتووە، کە "رێبوار كه‌ریم و رێبواره‌ هاوشێوه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كانی، شه‌هیدكرانی كاوه‌و ده‌یانی تریش به‌ دڵ ئه‌كڕن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی پێ تۆمه‌تبار بكه‌ن". هەروەها کوردستانی نوێ رێبوار بە دوژمنی یەکێتی پێناسە دەکات، "تا سه‌رئێسقانیش دوژمنی یه‌كێتییە".

هەر لەو وەڵامەدا، کوردستانی نوێ کوژرانی "په‌رله‌مانتاره‌ ئاشوورییه‌كه‌ی دهۆك، ره‌ئوف ئاكره‌یی، نه‌زیر عومه‌رەوە بگرە تا ئه‌گاته‌وه‌ سه‌ر  قابیل و شاپور و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان" بە بیر دەهێنێتەوە و نووسیویەتی، "چه‌ندین رووداوی له‌و چه‌شنه‌ی ئێستا له‌ناوچه‌كانی سلێمانیدا رووئه‌ده‌ن، له‌ناوچه‌كانی تریش روویان داوه‌".

رۆژنامەی کوردستانی نوێ لەو وەڵامەیدا باس لەوەدەکات، کە "ئه‌و كونه‌ی رێبوار داری تێوه‌ئه‌ژه‌نێ زه‌رده‌واڵه‌ی ده‌یان دۆسێی كوشتن و كوشتنكاری ئه‌ورووژێنێ".

رێبوار کەریم وەلی، لە وتارەکەیدا باسی لەوە کردبوو، کە "ژینگەی دەڤەری سەوز شوێنێكی گونجاوە لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە بۆ نەشونما و مانەوەی ئەو مافیایانە و ئەوەش مێژوویەكی لەناو یەكێتیدا هەیە و هی ئێستا نییە. لە ساڵانی هەشتا و نەوەتەكانیش خەڵكانێكی زۆر دیسان هەر لەسەر دەستی ئەو مافیایانە لە سلێمانی كوژران و مێژوو و ویژدانی كۆمەڵایەتی بێدەنگیی لێكردن".


ئێرە کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی رێبوار کەریم وەلی

ئێرە کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی وەڵامەکەی رۆژنامەی کوردستانی نوێ