كەم تا زۆر ئەو لێدوان و كاردانەوانەم بینین كە لە چەند رۆژی رابردوودا دوای تیرۆركردنی "كاوە گەرمیانی" لەلایەن بەرپرسانی پایەبەرزی یەكێتییەوە لە میدیا بڵاوبوونەوە. هەمووی هەر باسی ئەوە دەكات كە ئەم رووداوە تاوانە، تیرۆرە و دەبێ بكوژانی كاوە گەرمیانی ئاشكرا بكرێن. هیچ كامیان شان لەوە خاڵی ناكەن كە یەكێتی لەو رووداوەدا بەرپرسیارە و ئەگەر نەتوانێ ئەنجامدەرانی ئەو كارە بدۆزێتەوە ئەوا ئیعتیباری یەكێتی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
تا ئێرە هەمووی ئاساییە و نیشانەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی ئەو كەسانەیە كە خۆیان پێ حاكمی دەڤەرێكی ئەم وڵاتەیە، بەڵام كە دێنە سەر ئەوەی ئاخۆ كێ ئەم كارەی كردووە، بەشی زۆریان پەنجە بۆ "مافیا"ی ناو یەكێتی یان باشتر بڵێم مافیایەك كە لە سایەی یەكێتیدا دەژیت درێژ دەكەن.
لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە رووداوەكانی كوشتن و برینداركردن لە چەند مانگی رابردوو لە دەڤەری سەوز تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەگەیەندراونەتە ئاكامێك كە بتوانێ قەناعەت بە خەڵك بهێنێت. كوشتنی گوماناویی بەرپرسی پاسەوانەكانی تاڵەبانی لە سلێمانی و سیناریۆكانی دوای ئەوە كۆتایی بە دۆسیەكەی هێنا! ئەویش هەر كاری مافیا بوو. تەقەكردن لە خاوەنی كۆمپانیای نالیا و تۆمەتباركردنی بی ئێمە رەشەكە كە بەدەست مافیایەكی دیكەوەیە، دیسان نەیتوانی دەمامك لەرووی تۆمەتبارانی راستەقینە هەڵماڵێ. ئەوە جیا لە چەندین حاڵەتی دیكەی كوشتنی وەك كوشتنی سەرۆك عەشیرەتی غەوارە كە ئەویش خرایە پاڵ مافیا و تۆڵەسەندنەوە.
كۆی ئەو رووداوانە ئەگەر وەك پارچەكانی پازڵێك لە تەنیشت یەك دابنێین، دەردەكەوێ لە دەڤەری سەوز لە پاڵ ئەو حوكمەی كە هەیە، بە دەیان گرووپی مافیایی هەبوونە و هەن كە یەكێتی چەندین ساڵە لەناو هەناوی خۆیدا هەڵیگرتوون.
راستە هەندێك لە دەزگاكانی ناو یەكێتی هەڕەشەی سەیر و سەمەرە لەو مافیایانە دەكەن، بەڵام لە وڵاتێكدا كە بۆ راكێشانی كارەبای موەلیدەكەشمان دەبێ رەزامەندیی ئاسایشمان هەبێ، مەعقول نییە حیزبێك بەو هەموو دامودەزگایانەی هەیەتی نەتوانێ بزانێ مافیاكان كێن و چی دەكەن.
مەعقول نییە پۆلیس لە سلێمانی بتوانێ كابرایەك بگرێت كە تاپڕێكی راوی كڕیوە و بە نیاز بووە تەقەی پێبكات، بتوانێ ئەو هاووڵاتییە ئاساییە بدۆزێتەوە، بەڵام نەزانێ كێن ئەوانەی كە بە رۆژی رووناك تەقە دەكەن و وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن. لەوەش بگەڕێ كە تیرۆریستی عەرەب لە هەوا راو دەكات و بۆ گرتنیان تا مووسڵ و كەركووكیش دەچێ!.
باوەڕ و دڵنیابوونی ئەو گرووپانە لە نەگەڕانەوەی تاڵەبانی بۆ گۆڕەپانی سیاسی و ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییەی كە لە دەڤەری سەوز پەرەی سەندووە، دەرگای بۆ جۆرەها تەسفیەی حیسابی كۆن كردووەتەوە. ئەو گرووپانە شەرمیان شكاوە و حیسابیش نە بۆ یاسا دەكەن و نە باوەڕیشیان پێیەتی. ئەوانە كەسانێكن كە نە كەس دەدەنە دادگا و نە ئامادەشن بچنە بەردەمی دادگا.
ژینگەی دەڤەری سەوز شوێنێكی گونجاوە لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە بۆ نەشونما و مانەوەی ئەو مافیایانە و ئەوەش مێژوویەكی لەناو یەكێتیدا هەیە و هی ئێستا نییە. لە ساڵانی هەشتا و نەوەتەكانیش خەڵكانێكی زۆر دیسان هەر لەسەر دەستی ئەو مافیایانە لە سلێمانی كوژران و مێژوو و ویژدانی كۆمەڵایەتی بێدەنگیی لێكردن.
بۆیە سەرباری ئەو هەڕەشە و گوڕەشانە و ئەو هەموو "دەبێ" و "نابێ" یانە، پێناچێ یەكێتی بتوانێ پێ لەسەر "سەر"ی مافیاكان دابنێت و وەك هەمیشە كەسانێك دەكرێنە قوربانی كە بۆ سەری مافیاكان دەكرێنە دەمامك و بێ متمانەیی تاكی كوردیش بە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە و دادگاكان بەردەوام دەبێت. تورك پەندێكی جوانیان هەیە، دەڵێ: "كە شارەزای گوندێك بی پێویستیت بە نەخشە نییە." كەس بە قەدەر یەكێتی شارەزای گوندەكەی خۆی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ