رووداو دیجیتاڵ
یانە گەورەکانی ئینگلتەرا کەوتوونەتە کێبڕکێیەکی تووند بۆ گواستنەوەی نیکۆ پاز، ئەستێرەی لاوی ئەرجەنتینی و یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، دوای ئەوەی لە وەرزەکانی رابردوودا بە ئاستە بەرزەکەی سەرنجی هەمووانی راکێشا و بووە ئامانجی سەرەکیی یانەکانی پرێمەرلیگ.
پاز کە تەمەنی 22 ساڵە، بووەتە جێگەی بایەخی هەریەکە لە یانەکانی لیڤەرپوول، ئارسیناڵ و تۆتێنهام، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاستە نایابەی لەگەڵ کۆمۆ پێشکێشی دەکات و وای کردووە ببێتە یەکێک لە دیارترین بەهرەمەندە لاوەکانی تۆپی پێی ئەورووپا.
سەرەڕای گرنگیپێدانی یانە ئینگلیزییەکان، یانەی ریال مەدرید هێشتا کارتێکی بەهێزی سەبارەت بە داهاتووی ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە لەدەستدایە؛ چونکە لە گرێبەستەکەیدا لەگەڵ کۆمۆ بڕگەیەکی جێگیر کردووە کە رێگەی پێدەدات لە هاوینی 2027 بەرامبەر 80 ملیۆن یۆرۆ بیگەڕێنێتەوە ریزەکانی.
نیکۆ پاز لە ساڵی 2024 ریال مەدریدی بەرەو کۆمۆ جێهێشت بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتری یاریکردن و گەشەکردنی هەبێت، بەرلەوەی ببێتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی تیپە ئیتاڵییەکە و سەرنجی گەورەکانی ئەورووپا بۆ لای خۆی رابکێشێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی تۆتێنهام لە هاوینی 2025 دەستەوارەیەکی بە بەهای گشتیی 72 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی پێشکێش کردبوو، بەڵام هەوڵەکە سەری نەگرت دوای ئەوەی پاز مانەوەی لە کۆمۆ پێ باشتر بوو.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا کێبڕکێکان لەسەر ئەم یاریزانە گەرمتر ببن، بەڵام هەڵوێستی ریال مەدرید و بڕگەی کڕینەوەی گرێبەستەکەی، گەورەترین بەربەستن لەبەردەم چوونی بۆ پرێمەرلیگ.
سەرەڕای خواستی ریال مەدرید بۆ گەڕاندنەوەی لە هاوینی رابردوودا، بەڵام یاریزانە ئەرجەنتینییەکە گەڕانەوەی بۆ یانە شاهانەکە رەتکردەوە و سوور بوو لەسەر بەردەوامبوون لەگەڵ کۆمۆ، تاوەکو بە شێوەی سەرەکی و بەردەوام یاری بکات، لەبری ئەوەی لە 'سانتیاگۆ بێرنابیۆ' لەژێر سێبەری ئەستێرەکانی وەک جود بێلینگهام، ئاردا گولەر و بێرناردۆ سیلڤادا لەسەر کورسی یەدەگ بمێنێتەوە.
پاز خۆیشی جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەی لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری ئاستی بووە و گوتی "پێموابوو لێرە زۆرترین گەشە دەکەم، بڕوام وایە بڕیارێکی دروستم داوە و بەمە دڵخۆشم".
لە مانگی 6ـی رابردووشدا، ریال مەدرید بە فەرمی مانەوەی یاریزانەکەی لە کۆمۆ بۆ وەرزی 2026-2027 لەسەر خواستی خۆی راگەیاند، لەگەڵ پاراستنی مافی کڕینەوەی بۆ وەرزی دواتر.
ئێستا یانەی کۆمۆ بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە 12 یاریدا (8 بردنەوە، 2 یەکسانبوون و 2 دۆڕان)، پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولی ئیتاڵیای گرتووە و لە نێو تیپەکانی پێشەنگدایە، ئەمەش دەرفەتێکی دیکە بە نیکۆ پاز دەبەخشێت تاوەکو درەوشانەوەکانی بەردەوام بێت و بیسەلمێنێت کە مانەوەی لە ئیتاڵیا باشترین بڕیار بووە بۆ کاروانی وەرزشیی خۆی.




